سەرکردە دیارەکانى کورد داواى یەکڕیزى نەتەوەیى و تێپەڕاندنی ململانێ نێوخۆییەکان دەکەن

شۆڕش محەمەد 4 کاتژمێر پێش ئێستا
مەسعود بارزانی و عەبدوڵا ئۆجەلان و بافڵ جەلال تاڵەبانی
مەسعود بارزانی و عەبدوڵا ئۆجەلان و بافڵ جەلال تاڵەبانی

لەم دواییانەدا و لە چەند بۆنەیەکی جیاوازدا، سەرکردە باڵاکانی کوردستان لە پەیامەکانیاندا جەختیان لە گرنگیی یەکخستنی ناوماڵی کورد کردووەتەوە. ئەوان ئاماژەیان بەوە کردووە کە قۆناغی ئێستا یەکجار هەستیارە و پێویستی بە یەکدەنگیی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

دۆخی هەستیار

سەرکردە دیارەکانی کوردستان لە ڕێگەی پەیامەکانیانەوە چەند جارێک داوای یەکێتی و یەکڕیزیی نەتەوەییان کردووە و دۆخەکەیان بە هەستیار ناوبردووە.

دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی بۆ لایەنە سیاسییەکان

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمبارەیەوە و لە ڕۆژی 27ـی ئایاری 2026 بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەستپێشخەریی بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لەو ساتە هەستیار و چارەنووسسازەدا پەیامی بۆ لایەن و هێزە سیاسییەكان ئەوەیە؛ هەموو لایەك بیر لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل لە سەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسك دابنێن، هەروەها واز لەو ململانێیە بێئەنجامە و ئەو خۆخۆرییە بهێنن، کە ماوەیەکە پرۆسەی سیاسیی هەرێم بەدەستیەوە دەناڵێنێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی و دروستکردنی سەنگەرێکی نەتەوەیی

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەمبارەیەوە گوتی؛ لە ڕۆژی 1ـی حوزەیران و لە ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەیدا داوای دروستکردنی سەنگەرێکی نەتەوەیی کرد و ڕایگەیاند: "ئێمە پێویستە هەموو لایەنەکان کۆبکەینەوە کە بووین بە نوێنەری 50 ملیۆن کورد، هێز نییە لە جیهان بە ئێمە بڵێت نا."

پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

عەبدوڵا ئۆجەلان لەمبارەیەوە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند؛ لە ڕۆژی 6ـی حوزەیراندا پەیامێکی بۆ 24ـەمین جڤینی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) نارد و تێیدا داوای کرد، یەکێتییەکی نەتەوەیی دیموکراتییانە لەسەر بنەمای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بونیاد بنرێت، بە جۆرێک کە هەموو هێزە سیاسییەکان، ڕۆشنبیران، ژنان و گەنجان تێیدا بەشدار بن.

پوختەی پەیامی سەرکردە دیارەکانی کورد بۆ یەکڕیزی

مەسعود بارزانی - 27ـی ئایار: داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەم بیر لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی - 1ـی حوزەیران: کە بووین بە نوێنەری 50 ملیۆن کورد، هێز نییە لە جیهان بە ئێمە بڵێت نا.

عەبدوڵا ئۆجەلان - 6ـی حوزەیران: یەکێتییەکی نەتەوەیی دیموکراتییانە لەسەر بنەمای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن پێکبهێنرێت.

شۆڕش محەمەد

4 کاتژمێر پێش ئێستا