ترەمپ لە یەکەم یاریی ئەمریکا بەرامبەر بە پاراگوای ئامادە نابێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەنیاز نییە بەشداری لە یاریی یەکەمی هەڵبژاردەی ئەمریکا لە مۆندیال بکات، کە ڕۆژی 13ـی حوزەیران بەرامبەر بە هەڵبژاردەی پاراگوای بەڕێوەدەچێت.
ترەمپ ئامادەى یارى وڵاتەکەى دەبێت؟
میدیای 'پۆلیتیکۆ' و 'زە ئەتلەتیک' بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، سەرۆکی ئەمریکا ڕاستەوخۆ لە یاریگای لۆس ئەنجلس ئامادە نابێت بۆ تەماشاکردنی یارییەکە، کە ڕۆژی هەینی بەڕێوەدەچێت؛ بەڵام تاوەکو ئێستا کۆشکی سپی یان وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیچ لێدوانێکیان لەوبارەوە نەداوە.
کێ لەبرى ترەمپ ئامادە دەبێت؟
پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە یاریگاکە ئامادە دەبێت بۆ تەماشاکردنی یەکەم یاریی هەڵبژاردەکەیان لە مۆندیال، کە لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
هەم یارى هەم سیاسەت
ڕوبیۆ سەرۆکایەتی شاندێک دەکات کە پێکهاتووە لە هەریەکە لە شۆن دافی، وەزیری گواستنەوە و مارکواین مۆلین، وەزیری ئاسایشی ناوخۆ، بڕیارە لە پەراوێزی یارییەکەدا، لەگەڵ سانتیاگۆ پێنا، سەرۆکی پاراگوای کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێک لەوانە ئاسایشی ناوچەکە، بازرگانی، وەبەرهێنان و تەکنەلۆجیای گەشەسەندوو.
مۆندیالى 2026
مۆندیالی ئەمساڵ کە لەلایەن ئەمریکا، مەکسیک و کەنەداوە میوانداریی دەکرێت، بە گەورەترین پاڵەوانێتیی تۆپی پێ دادەنرێت لە مێژوودا، چونکە بۆ یەکەمجار 48 هەڵبژاردە بەشداریی تێدا دەکەن بۆ ئەنجامدانی 104 یاری.
یارییەکانى هەڵبژاردەى ئەمریکا
هەڵبژاردەی ئەمریکا دوو یاریی سەرەتا لە یاریگاکانی لۆس ئەنجلۆس ڕامز و لۆس ئەنجلس چارجەرز لە شاری ئینگلوود لە باشووری لۆس ئەنجلس ئەنجام دەدات، جگە لە پاراگوای، هەڵبژاردەی ئەمریکا ڕووبەڕووی ئوسترالیا و تورکیاش دەبێتەوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا