دەستەی دەسپاکی: هەر هاووڵاتییەک گەندەڵی و بەرتیل ئاشکرا بکات پاداشت دەکرێت
دەستەی دەسپاکی داوا لە هاونیشتمانییان و فەرمانبەران دەکات کەلە هەر دام و دەزگایەکی سەر بە حکومەت گەندەڵی و بەرتیل وەگرتن ئاشکرا بکات پاداشت دەکرێت و پلەو ناوەکەی دەپارێزرێت.
لەپێناو چیە ئەم هەنگاوە؟
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا ئاشکرای کرد" له پێناو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی بەرتیل و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بەگوێرەی یاسای دەستەی دەسپاکی ژمارە 3ی ساڵی 2011ی هەموارکراو بە یاسای ژمارە 7 بۆ ساڵی 2014 هەر فەرمانبەرێک یان هاووڵاتییەک زانیاری بدات بە دەستەکەمان لەسەر بوونی هەر کارێکی نایاسایی یاخود بوونی گەندەڵی لە دامودەزگاکانیان بە هەر شێوازێک کە بۆیان دەکرێت دەستەکەمان ئاگادار بکەنەوە.
چى بۆ هەواڵدەرەکە دەکرێت؟
سەرۆکی دەستەی دەسپاکی دەشڵێت" بە مەرجێک زانیارییەکان بە بەڵگەوە بن لەسەر هەر فەرمانبەرێک یان بەرپرسێک لە هەر ئاستێکی پلەی وەزیفی دابێت، لەلایەن دەستەکەمانەوە پاداشت دەکرێت بە بڕێک پارە، دەستەکەمان زامنی پاراستنی ناو و ناونیشانی هەواڵدەر دەکات و مافی پارێزراو دەبێت، ئەمەش لەپێناو پاراستنی سامانی گشتی و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی هەرێمی کوردستان.
3 کاتژمێر پێش ئێستا