ژمارەیەکی پێوانەیی کەلوپەلی وەرزشی لە هۆنگ کۆنگ دەستی بەسەردا گیرا
تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش فیکەی دەستپێکردنی یارییەکانی جامی جیهانی، دەسەڵاتدارانی هۆنگ کۆنگ دەستیان بەسەر بڕێکی پێوانەیی لە کەلوپەلی وەرزشیی ساختەدا گرت.
بەهاى کەلوپەلەکان
ئەو بڕەی دەستی بەسەردا گیراوە، نزیکەی 230 هەزار پارچە کاڵا کە بەھاکەیان دەگاتە 20 ملیۆن دۆلار.
کەلوپەلەکان چیان تێدابوو؟
واین چوونگ، پشکنەری باڵا لە گومرگی هۆنگ کۆنگ، ئاماژەی بەوەکرد لەنێو ئەم کەلوپەلانەدا 30 هەزار درێسی وەرزشی هەبوون و ئاماژەی بەوەکرد :"هەندێک لەم درێسانە ئەوەندە بە وردی و شارەزاییەوە کۆپی کرابوون، کە بۆ کڕیارێکی ئاسایی زۆر قورس بوو لە درێسە ڕەسەنەکەی جیابکاتەوە."
زۆربەی ئەم جلانە هاوشێوەی درێسی ڕاستەقینەی یاریزانان بوون کە بەهۆی کوالێتی بەرز و دیزاینە تایبەتەکەیانەوە، بە گشتی لە درێسی هاندەران گرانترن.
کەلوپەلەکان بۆ کوێ هەناردە دەکران؟
بڕیار بوو نزیکەی 80%ـی ئەم کاڵایانە بنێردرێن بۆ کیشوەری ئەمریکا، ڕێک لەو کاتەی کە وڵاتانی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا خۆیان بۆ میوانداریی هاوبەشی جامی جیهانی ئامادە دەکەن.
دەستگیرکردنى فرۆشیارەکان
لە دوای ئەم ئۆپراسیۆنە، شۆفێرێکی بارهەڵگر لەسەر سنوور و پێنج کەسی دیکەش کە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە خەریکی فرۆشتنی ئەم جلانە بوون، دەستگیرکران، هەرچەندە ئێستا بە کەفالەت ئازادکراون.
یاساکانى هەناردەکردن لە هۆنک کۆنگ
چونگ وەک ئاگادارییەک باسی لەوەکرد، بازرگانیکردن بە کاڵای ساختەوە، هاوردەکردن، هەناردەکردن یان فرۆشتن بێت، سزایەکی توندی لەپشتە کە ڕەنگە بگاتە پێنج ساڵ زیندانی و پێبژاردنێک بگاتە نزیکەی 64 هەزار دۆلار.
3 کاتژمێر پێش ئێستا