ئەندامێکى کەنەکە لە ڕۆژئاوا: جیاوازیی نێوان پارتە سیاسییەکان ئاساییە گرنگە لە پرسە نەتەوەییەکان یەکبن
ئەندامێکى کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ڕایگەیاند، خولى 24ى کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان کە لە هۆڵەندا بە بەشدارى 300 نوێنەر ئەنجامدرا لەژێر ناونیشانى یەکڕیزى نەتەوەیی و دیموکراتى بووە و کۆنگرەکە چەند ڕاسپاردەیەکى دەرکردووە و لیژنەشى بۆ جێبەجێکردنیان پێکهێناوە.
ئەنجامدانى کۆنگرە
فاتیمە عەلى ئەندامى کەنەکە ڕایگەیاند، ئێستا ئەنجامدانى کۆنگرەى نەتەوەیی کورد پێویستییەکى هەنوکەییە بەهۆى ئەو دۆخەى ڕۆژئاواى کوردستانى تێدابووە.
جیاوازییە سیاسییەکان ئاستەنگن
گوتیشى، دۆخى کورد لە هەر چوار پارچەى کوردستان پێویستی بە دروستکردنى ئەنجوومەنێکى باڵاى سیاسییە لە نوێنەرایەتى سەرجەم پارتەکان بۆ ئەمەش بەر لە ئەنجامدانى کۆنگرە قسەیان لەگەڵ سەرجەم پارتە سیاسییەکان کردووە و نەتوانراوە ئەم کارە بکرێت بەهۆى جیاوازى بیرو بۆچوونى سیاسییەوە.
لابردنى ئاستەنگەکان و یەکخستنى گوتار و هەڵوێستەکان
جەختیشدەکاتەوە، جیاوازییەکان لە نێوان پارتە سیاسییەکان ئاساییە، بەڵام یەکنەبوونیان لە پرسە نەتەوەییەکان نا ئاساییە و لە کۆنگرەى نەتەوەیی چەند ڕاسپاردەیەکیان دەرکردووە و لیژنەیان بۆ جێبەجێکردنى پێکهێناوە و کار بۆ وەلانانى ناکۆکییەکان و یەکڕیزى لە نێوان پارتە سیاسییەکان دەکەن.
پەیامى ئۆجەلان
لە کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان پەیامى عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان و زۆرینەى پارتە سیاسییەکان خوێندرایەوە و 300 نوێنەر و ئەندام تێیدا بەشداربوون.
3 کاتژمێر پێش ئێستا