دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی سەربە جەهەپە بەردەوامن

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئۆپراسیۆنەکان دژی شارەوانییەکانی سەربە جەهەپە بەردەوامن و ڕۆژی هەینیش، سەرۆکی شارەوانیی سیلیڤری سەربە ئیستانبوڵ و 17 کەسی دیکە دەستگیرکران.

لێکۆڵینەوە لە شارەوانییەکانى سەربە جەهەپە

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە شارەوانییەکانی سەربە پارتی کۆماریی گەل "جەهەپە"، کە ئێستا بەهۆی بڕیاری دادگا بۆ دوو بەرە دابەشبووە، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، بۆرا باڵجیئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی سیلیڤری سەربە ئیستانبوڵ و 17 خاوەن کار و کارمەندی دیکەی شارەوانییەکە دەستگیرکران.

تۆمەتى گەندەڵى

ئەو کەسانەی دەستگیرکراون تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی گەندەڵی و پاش دەستگیرکردنیان، بۆ وەرگرتنی گوتەی سەرەتایی، براونەتە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش.

هەڵمەتى هێزە ئەمنییەکان

پاش هەڵمەتی دەستگیرکردنەکە، هێزە ئەمنییەکان، چوونە ناو بینای شارەوانی سیلیڤری و تەواوی بیناکەیان پشکنی.

دۆسییەى شارەوانییەکانى جەهەپە

پاش بردنەوەی هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 2024 لەلایەن جەهەپەوە، دۆسییەیەکی گەورەی لێکۆڵینەوە لە شارەوانییەکانی ژێر دەستی جەهەپە کرایەوە و تاوەکو ئێستا دەیان سەرۆکی شارەوانیی و سەدان کارمەندی شارەوانییەکانی ژێر دەستی جەهەپە دەستگیرکراون، کە دیارترینیان ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ بوو، کە مانگی ئازاری 2025 دەستگیرکرا و دواتریش لە کارەکەی دوورخرایەوە و زیندانیکرا.

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا