باخچەلی: ئۆزەل و کڵچدارئۆغڵو ناتوانن بەرپرسیارییەتی لە ئەستۆ بگرن

عەدنان ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا

دەوڵەت باخچەلی دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ئۆزەل و کڵچدارئۆغڵو ناتوانن بە گونجاویی بەرپرسیارییەتی لەئەستۆ بگرن، جەهەپە وردە وردە دابەش دەبێت.

بڕیارى دادگا چى بوو؟

مانگی ڕابردوو بە بڕیاری دادگای ئەنقەرە، کەمال کڵچدارئۆغڵو، کرایەوە بە سەرۆکی جەهەپە و ئۆزگور ئۆزەل، لە سەرۆکایەتیی حیزبەکە دوورخرایەوە، ئەوەش جەهەپەی بۆ دوو بەرە دابەش کرد.

جەهەپە دابەش دەبێت

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە لێدوانێکدا بۆ میدیای حیزبەکەی دەڵێت، هیچ کام لە کڵچدارئۆغڵو و ئۆزەل، بەو ڕەفتارانەی دەیکەن و بە قسەکانیان، نەیانتوانیوە بەرپرسیارییەتی مێژوویی خۆیان بەرامبەر جەهەپە لە ئەستۆ بگرن و بە گونجاوی ڕەفتار بکەن، ئەوەش وای کردووە، جەهەپە بەرەو دوو کەرتبوون هەنگاو بنێت.

پرسى جەهەپە پرسى دەوڵەت و گەلە

باخچەلی ئاماژەی بەوەش کردووە، با کەس لەبیری نەکات کە، پرسی جەهەپە تەنیا بابەتی ناوخۆیی حیزبێک نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا پرسی دەوڵەت و گەلە.

ڕەخنەکانى باخچەلى

سەرۆکی مەهەپە لە درێژەی ڕەخنەکانی بەرامبەر کڵچدارئۆغڵو و ئۆزەل دەڵێت، لەبری چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ و سازان، پارتەکەیان ڕووبەڕووی دۆخێکی قورس کردووەتەوە و حیزبەکەیان لە بنەما سەرەکییەکانی دامەزراندنی دوورخستووەتەوە.

قسەکانی باخچەلی پاش ئەوە هات، لە کۆی 57 ئەندامی ئەنجوومەنی جەهەپە، 28 کەسیان دەستیان لە کارکێشاوە کە لایەنگری ئۆزەلن، ئەوەش بۆ ناچارکردنی کڵچدارئۆغڵو بۆ ئەوەی کۆنگرە بکات.

عەدنان ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا