شارەوانیی سلێمانى: لە نۆژەنکردنەوەى شەقامەکان کاتى تاقیکردنەوەکانى قۆناغى 12 لەبەرچاو دەگرین
ئەمڕۆ هەینى، شارەوانیی سلێمانى دەستى بە نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی بەشێکى دیکە لە شەقامى بازنەیی مەلیک مەحموود کرد، لێپرسراوى پرۆژەکان لە شارەوانى دەڵێت "لەکاتى تاقیکردنەوەکانى قۆناغى 12ـى ئامادەیی کارەکانیان لەو شەقامانە ڕادەگرن کە مەترسى درووستبوونى فشار و قەرەباڵغى هەیە، ئەمەش لەپێناو کارئاسانى بۆ گەیشتنى خوێندکاران بە هۆڵەکانى تاقیکردنەوە.
ئامادەکارییەکان دەستیپێکردووە
شەماڵ قادر، سەرپەرشتیارى هەڵمەتى نۆژەنکردنەوەى شەقامەکانى سلێمانى بە کەناڵ8ى ڕاگەیاند، لە دوێنێ 11ى حوزەیرانەوە دەستکراوە بە ئامادەکردنى بەشێک لە شەقامى بازنەیی مەلیک مەحموود و کارەکانیش کراوەتە ڕۆژانى پشوو کۆتایی هەفتە بۆئەوەى هاوڵاتیان و فەرمانبەران بتوانن لە ڕۆژانى دەوام بە ئاسانى بگەنە فەرمانگە و شوێنى کارەکانیان.
کارکردنى تیمەکان
گوتیشى، لە سلێمانى لە یەک کاتدا چەند تیمێک پێکەوە کار دەکەن و لەهەر شوێنێک هاونیشتمانیان داواى چاکسازى لە شەقامەکان بکەن دەچن بەدەم داواکارییەکانیانەوە.
دروست نەکردنى ئاستەنگ بۆ خوێندکارانى پۆلى 12
سەرپەرشتیارى هەڵمەتى نۆژەنکردنەوەى شەقامەکانى سلێمانى دەڵێت، بەشێک لە شەقامى بازنەیی مەلیک مەحموود ماوە نۆژەن بکرێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەى شەقامەکە هاتوچۆیەکى زۆرى لەسەرە، کارەکانیان خاودەکەنەوە و تەنیا لە ڕۆژە پشووەکان لەسەر ئەو شەقامە کاردەکەن بۆ ئەوەى هیچ ڕێگرییەک لە خوێندکارانى قۆناغى 12ى ئامادەیی درووست نەبێت.
بڕیارى قوباد تاڵەبانى بۆ نۆژەنکردنەوە
لە مانگى نیسانى ئەمساڵ قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کرد و هەڵمەتێکى فراوان بۆ نۆژەنکردنەوەى شەقامەکانى سلێمانى ڕاگەیێنرا.
3 کاتژمێر پێش ئێستا