كوەیت لە دژی هێرشەكانی ئێران پەناى بۆ ئیکاو برد
لە بەرامبەر ئەو هێرشانەى کرایە سەر فڕۆکەخانەى وڵاتەکەى، حکومەتى کوەیت بە فەرمى، بۆ جاری سێیەم بە فەرمی ناڕەزایەتی پێشكەشی ڕێكخراوی "ئیكاو" كرد.
مەترسیی هێرشەکان و زیانەکانى
بەهۆی بەردەوامی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كوەیت دەستەی فڕۆكەوانی مەدەنی وڵاتەكە نامەیەكی ناڕەزایەتی توندی ئاڕاستەی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی فڕۆكەوانی ئیكاو كرد و ڕایگەیاند، هێرشی ئەم دواییە زیانی گیانی و ماددی گەورەی بە دامەزراوەكانی ڕادار و ئامێرەكانی بەڕێوەبردنی گەشتە ئاسمانییەكان گەیاندووە، ئەمەش مەترسییەكی جدی بۆ سەر سەلامەتی فڕۆكەوانی دروست كردووە و بووەتە هۆی ڕاگرتنی كاتیی گەشتە ئاسمانییەكان.
پێشێلى یاسایە
حكومەتی كوەیت ئەم هێرشانەی بە پێشێل كردنی ئاشكرای یاسا نێودەوڵەتییەكان و ڕێككەوتننامەی فڕۆكەوانی مەدەنی ناوبرد و داوای لە ڕێكخراوەكە كرد هەڵوێستی هەبێت.
سوپاى پاسداران هێرشەکەى گرتە ئەستۆ
دواى هێرشەکانى سەر فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى لە کوەیت، لایخۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەكەی گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند، لە ڕێگەی مووشەك و درۆنەوە بنكە سەربازییەكانی ناو كوێت، بەحرەین و ئوردنیان كردووەتە ئامانج، وەك وەڵامێك بۆ هێرشەكانی ئەمریكا لە ناوخۆی ئێراندا.
چەندەم نامەى ناڕەزایەتییە؟
ناردنى ئەم نامەیە بۆ ڕێکخراوەکە، دەبێتە سێهەمین ناڕەزایەتی كە كوەیت پێشكەشی دەكات، دوای ئەوەی لە مانگەكانی ئازارى ڕابردوو لەگەڵ ئەم مانگە هەمان هەنگاوی گرتەبەر.
لایخۆیەوە حکومەتى كوەیت جەختی كردەوە، تەواوی مافە یاساییەكانی خۆی دەپارێزێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دەستدرێژییانە كە زیان بە ئاسایشی ئاسمانی ناوچەكە دەگەیێنن و سەروەری وڵاتەكەی دەبەزێنن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا