کامێراى چاودێریی لە سەیرانگاى ئەحمەدئاوا جێگیر دەکرێت

دانیار فاروق 2 کاتژمێر پێش ئێستا
گەڕانى تیمەکانى فریاگوزارى بۆ ئەو کچەى گوایە کەوتووەتە نێو ئاوى سەیرانگاى زەڵم
گەڕانى تیمەکانى فریاگوزارى بۆ ئەو کچەى گوایە کەوتووەتە نێو ئاوى سەیرانگاى زەڵم

لەسەر ڕاسپاردەی نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، لەلایەن تیمەکانی دیوانی پارێزگاوە دەستکرا بە دروستکردنی بەربەست بۆ چەند شوێنێکی ئاوی زەڵم لە سەیرانگەی ئەحمەدئاوا، هاوكات کامێرای چاودێرییش بۆ چەند جێگەیەکی پێویست دانرا.

دانانى کامێرا و بەربەست لەناو ئاو

ئەمڕۆ هەینى، 12ـى حوزەیرانى 2026، لە ڕاگەیێندراوێکدا، پارێزگاى هەڵەبجە لە هەژمارى خۆى لە فەیسبووک، ئاماژەى بەوەکرد، بەمەبەستى چاودێریکردنى سەیرانگاکە، بڕیاریانداوە کامێراى چاودێرى لە ئەحمەدئاوا دابنرێت، هەروەها بەربەستیش لەناو ئاوى ئەحمەدئاوا جێگیربکرێت، کە ئەو بەربەستانە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە پاراستنی گیانی گەشتیاران لە کاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا و ئاسانکاریی ته‌واویش بۆ تیمەکانی فریاگوزاری دەکەن لە کاتی گەڕان و بەدواداچوونەکاندا.

بەهاناوەچوونى خێزانى منداڵەکە

هاوکات پارێزگارى هەڵەبجە، تیمێکی دیوانی پارێزگاى ڕاسپارد، سەردانی خانەوادەی ئەو منداڵە گەشتیارە بکەن، کە کەوتووەتە نێو ئاوی زەڵم لە سەیرانگای ئەحمەدئاوا.

شوێنى مانەوە بۆ خێزانى منداڵەکە دابینکراوە

ئەوەش خراوەتەڕوو، وێڕای گەیاندنی هاوخەمی نوخشە ناسیح، پارێزگارى هەڵەبجە بۆ ئەو ڕووداوە نەخوازراوە، خێزانى ئەو منداڵە دڵنیاکراونەتەوە، کە سەرجەم پێداویستییەکانیان لەسەر ئەرکی پارێزگار بۆ ماوەی مانەوەیان لە پارێزگاكە بۆ دابین دەکرێت و خودى پارێزگارى هەڵەبجە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی پڕۆسەی گەڕانی تیمەکان دەکات بۆ دۆزینەوەی منداڵەکە.

دانیار فاروق

2 کاتژمێر پێش ئێستا