دەرگاى سایلۆکانى هەولێر بەڕووى وەرگرتنى گەنمى جووتیاران کرایەوە

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیرى بازرگانى عێراق ماوەى دوو ڕۆژە لە هەرێمى کوردستانە، ئەمرۆ لە پارێزگاى هەولێرەوە کردنەوەى دەرگاى سایلۆکانى ڕاگەیاند و دڵنیایی دایە جووتیاران کە پارەى گەنمى ساڵى ڕابردوویان خەرج دەکرێت و ئەو گەنمەش ئەمساڵ لەدەرەوەى پلانى وەرگرتنە هەناردەى دەرەوەى عێراقى دەکەن.

وەرگرتنى گەنم دەستپێدەکات

مستەفا نزار، وەزیرى بازرگانى عێراق، لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەوانى ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەینى دەرگاى سایلۆکانیان لە هەولێر بەڕووى وەرگرتنى گەنم کردووەتەوە و ئامادەکارى باشکراوە بۆ وەرگرتنى گەنم و شوێنیش بۆ وەرگرتنى سەرجەمى ئەو گەنمە هەیە کە بڕیارى لەبارەوە دراوە.

ئاسانکارییەکان بۆ جوتیاران

گوتیشى، هەوڵدەدرێت ئاسانکارى بۆ وەرگرتنى گەنم بکرێت و جوتیاران زۆر چاوەڕوانى وەرگرتنى گەنمەکانیان نەکەن.

پارەى گەنمى ساڵى ڕابردوو

لەبارەى پارەى گەنمى جووتیاران بۆ ساڵى ڕابردوو وەزیرى بازرگانى گوتى، حکومەتەکەى زەیدى پابەندە بە دابینکردنى پارەى گەنمى جووتیاران بۆ ساڵى ڕابردوو، گوژمەیەک خەرجکراوە و لەچەند ڕۆژى داهاتوو گوژمەکانى دیکە خەرجدەکرێت.

گەنمى جوتیاران چى لێدەکەن؟

لە بارەى کەمى ئەو بڕەى بۆ وەرگرتنى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان دیارییکراوە، وەزیرى بازرگانى گوتى، بە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران ئەو بڕە بۆ جووتیارانى هەرێمى کوردستان دیارییکراوە، هەوڵدەدەن ئەو گەنمەى دەمێنێتەوە هەناردەى دەرەوەى بکەن و دڵنیاییدا کە کارێک دەکەن جووتیارانى هەرێمى کوردستان زیانمەند نەبن و پاڵپشتى جووتیاران دەکەن بۆ هەناردەکردنى گەنم بۆ دەرەوە.

لە هەرێى کوردستان 400 هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت کە بەمشێوەیە دابەشى سەر پارێزگاکان کراوە، 150 هەزار و 209 تۆن، لە پارێزگاى سلێمانى، 122 هەزار و 680 تۆن لە پارێزگاى هەولێر، 116 هەزار و 83 تۆن لە پارێزگاى دهۆک و 11 هەزار و 28 تۆن لە پارێزگاى هەڵەبجە.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا