جامی جیهانی بە خۆپیشاندان و گرژیی دەستیپێکرد
جامی جیهانی بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی مەکسیکییەکان دەستیپێکرد و گرژی و پێکدادانەکە لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو. پۆلیسیش دەیان خۆپیشاندەری دەستگیرکرد.
چى ڕوویدا؟
لە یاری کردنەوەی مۆندیال کە لە نێوان مەکسیک و ئەفریقای باشوور بەڕێوەچوو، سەدان کەس بەبێ ئەوەی تیکتى مۆندیالیان کڕیبێت، هەوڵیاندا بچنە ناو یاریگای ئازتێکا، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگرییان لێکرا و بەهۆیەوە گرژیی لە نێوان هەردوولا سەریهەڵدا.
هێرش و پەلامارى خۆپیشاندەران
خۆپیشاندەران بە بەرد و مۆلۆتۆڤ هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکان و بەهۆیەوە چەند پۆلیسیک بریندار بوون. لەبەرامبەردا پۆلیسیش دەیان خۆپیشاندەری دەستگیرکرد.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی هێزە ئەمنییەکانى مەکسیک، سەرەڕای گرتنەبەری ڕێکاری ئەمنیی توند، سەدان کەس خۆیان گەیاندە نزیک یاریگاکە و هەوڵیان داوە بچنە ژوورەوە.
خۆپیشاندانى مامۆستایان و خانەنشینان
ماوەی چەند ڕۆژێکە دەیان هەزار مامۆستا، خانەنشین و هاوڵاتی مەکسیکی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی دژی گەندەڵی و کێشەکانی وڵاتەکەیان دەردەبڕن.
مۆندیال وەک دەرفەت
خۆپیشاندەران مۆندیالیان کردووەتە دەرفەت، بۆ ئەوەی ناڕەزایتەییەکانیان بە هەموو جیهان بگات.
بردنەوەى مەکسیک
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان، یەکەمین یاری مۆندیال بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات و هەڵبژاردەی مەکسیک بە دوو گۆڵى بێ وەڵام لە ئەفریقای باشووری بردەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا