جامی جیهانی بە خۆپیشاندان و گرژیی دەستیپێکرد

مەستان حوسامەدین 4 کاتژمێر پێش ئێستا

جامی جیهانی بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی مەکسیکییەکان دەستیپێکرد و گرژی و پێکدادانە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو. پۆلیسیش دەیان خۆپیشاندەری دەستگیرکرد.

بەبێ کڕینی بلیت

لە یاری کردنەوەی مۆندیال کە لەنێوان مەکسیک و ئەفریقای باشوور بەڕێوەچوو، سەدان کەس بەبێ ئەوەی بلیتی مۆندیالیان کڕیبێت، هەوڵیاندا بچنە ناو یاریگای ئازتێکا، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگرییان لێکرا و بەهۆیەوە گرژیی لەنێوان هەردوولا سەریهەڵدا.

خۆپیشاندەران بە بەرد و مۆلۆتۆڤ هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکان و بەهۆیەوە چەند پۆلیسیک بریندار بوون. لەبەرامبەردا پۆلیسیش دەیان خۆپیشاندەری دەستگیرکرد.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی هێزە ئەمنییەکانى مەکسیک، سەرەڕای گرتنەبەری ڕێکاری ئەمنیی توند، سەدان کەس خۆیان گەیاندە نزیک یاریگاکە و هەوڵیان داوە بچنە ژوورەوە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە دەیان هەزار مامۆستا، خانەنشین و هاوڵاتی مەکسیکی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی دژی گەندەڵی و کێشەکانی وڵاتەکەیان دەردەبڕن.

خۆپیشاندەران مۆندیالیان کردووەتە دەرفەت، بۆ ئەوەی ناڕەزایتەییەکانیان بە هەموو جیهان بگات.

سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان، یەکەمین یاری مۆندیال بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات و هەڵبژاردەی مەکسیک بە دوو گۆڵى بێ وەڵام لە ئەفریقای باشووری بردەوە.

مەستان حوسامەدین

4 کاتژمێر پێش ئێستا