دەرگاى سایلۆکانى هەولێر بەڕووى وەرگرتنى گەنمى جووتیاران کرایەوە

ئارام قەرەداغی 4 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیرى بازرگانیی عێراق ماوەى دوو ڕۆژە لە هەرێمى کوردستانە، ئەمڕۆ لە پارێزگاى هەولێرەوە کردنەوەى دەرگاى سایلۆکانى ڕاگەیاند و دڵنیایی دایە جووتیاران کە پارەى گەنمى ساڵى ڕابردوویان خەرج دەکرێت و ئەو گەنمەشی ئەمساڵ لەدەرەوەى پلانى وەرگرتنە هەناردەى دەرەوەى عێراقى دەکەن.

ئامادەکاری باش کراوە بۆ وەرگرتنی گەنم

مستەفا نزار، وەزیرى بازرگانیی عێراق لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دەرگاى سایلۆکانیان لەهەولێر بەڕووى وەرگرتنى گەنم کردووەتەوە و ئامادەکارى باشکراوە بۆ وەرگرتنى گەنم و شوێنیش بۆ وەرگرتنى سەرجەمى ئەو گەنمە هەیە کە بڕیارى لەبارەوە دراوە.

کارئاسانی بۆ وەرگرتنی گەنم

گوتیشى، هەوڵدەدرێت ئاسانکارى بۆ وەرگرتنى گەنم بکرێت و جوتیاران زۆر چاوەڕوانى وەرگرتنى گەنمەکانیان نەکەن.

لەبارەى پارەى گەنمى جووتیاران بۆ ساڵى ڕابردوو وەزیرى بازرگانى گوتى، حکومەتەکەى زەیدى پابەندە بە دابینکردنى پارەى گەنمى جووتیاران بۆ ساڵى ڕابردوو، گوژمەیەک خەرجکراوە و لەچەند ڕۆژى داهاتوو گوژمەکانى دیکە خەرجدەکرێت.

ئەو گەنمەی لە دەرەوەی پلانی وەرگرتن دەمێنێتەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت

لەبارەى کەمى ئەو بڕەى بۆ وەرگرتنى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان دیارییکراوە، وەزیرى بازرگانى گوتى، بەبڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران ئەو بڕە بۆ جووتیارانى هەرێمى کوردستان دیارییکراوە، هەوڵدەدەن ئەو گەنمەى دەمێنێتەوە هەناردەى دەرەوەى بکەن و دڵنیاییدا کە کارێک دەکەن جووتیارانى هەرێمى کوردستان زیانمەند نەبن و پاڵپشتى جووتیاران دەکەن بۆ هەناردەکردنى گەنم بۆ دەرەوە.

بڕی گەنمی وەرگیراوی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا

لەهەرێمى کوردستان 400هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت کە بەم شێوەیە دابەشى سەر پارێزگاکان کراوە، 150هەزار و 209تۆن، لە پارێزگاى سلێمانى، 122هەزار و 680تۆن لە پارێزگاى هەولێر، 116هەزار و 83تۆن لە پارێزگاى دهۆک و 11هەزار و 28تۆن لە پارێزگاى هەڵەبجە.

ساڵێکی نایاب دەبێت لە وەرگرتنی گەنم

مستەفا نزار، وەزیرى بازرگانیی عێراق لەوبارەیەوە گوتی "لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، لەخاکى هەرێمى کوردستانى خۆشەویستەوە، لە پارێزگاى هەولێر وەرزى بەبازاڕکردنى گەنمى جووتیاران بۆ ساڵى 2026 ڕادەگەیەنین، سەردانى سایلۆی هەولێرمان کرد، تێبینیمان کرد ئامادەکارى زۆرباشکراوە، سەرجەم کارە لۆجستییەکان بەشێوەیەکى زۆر باش ئامادەکراوە، کارمەندەکان ئامادەن بۆ وەرگرتنى ئەو بڕەگەنمەى بڕیارى لەبارەوە دراوە، ئەمساڵ پشتیوان بەخودا ساڵێکى نایاب دەبێت لەوەرگرتنى گەنمى جووتیاراندا".

لە رۆژانی داهاتوو چەند گوژمەیەک پارەی ساڵی ڕابردوو خەرج دەکرێت

وەزیری بازرگانی عێراق لە بارەی پارەی گەنمی جوتیارانەوە گوتی "تایبەت بە پارەى گەنمى جووتیاران، ئێمە ئاگادارین هەندێک لەپارەى گەنمى جووتیاران بۆ ساڵى ڕابردوو خەرجنەکراوە، بەڵام پێتان دەڵێم سەرۆکوەزیران زۆر پابەندە بەمکارە و گوژمەیەک پارەى بۆ جووتیاران خەرجکردووە، لەڕۆژانى داهاتوو لە چەند گوژمەیەکى دیکەدا سەرجەمى پارەى جووتیاران بۆ ساڵى ڕابردوو خەرج دەکرێت".

ئارام قەرەداغی

4 کاتژمێر پێش ئێستا