سەرۆکی شارەوانیی سیلیڤریی سەربە ئیستانبوڵ و 17 کەسى دیکە دەستگیرکران

عەدنان ئەحمەد 4 کاتژمێر پێش ئێستا
هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستانبول سەرۆک شارەوانییە دەستگیرکراوەکانی جەهەپە دەبەن بۆ دادگا
هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستانبول سەرۆک شارەوانییە دەستگیرکراوەکانی جەهەپە دەبەن بۆ دادگا

ئۆپراسیۆنەکان دژی شارەوانییەکانی سەربە جەهەپە بەردەوامن و ڕۆژی هەینیش، سەرۆکی شارەوانیی سیلیڤری سەربە ئیستانبوڵ و 17 کەسی دیکە دەستگیرکران.

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە شارەوانییەکانی جەهەپە

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە شارەوانییەکانی سەربە پارتی کۆماریی گەل "جەهەپە"، کە ئێستا بەهۆی بڕیاری دادگا بۆ دوو بەرە دابەشبووە، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، بۆرا باڵجیئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی سیلیڤری سەربە ئیستانبوڵ و 17 خاوەن کار و کارمەندی دیکەی شارەوانییەکە دەستگیرکران.

ئەوانەی دەستگیرکراون تۆمەتی گەندەڵییان دراوەتە پاڵ

ئەو کەسانەی دەستگیرکراون تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی گەندەڵی و پاش دەستگیرکردنیان، بۆ وەرگرتنی گوتەی سەرەتایی، براونەتە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش.

پاش هەڵمەتی دەستگیرکردنەکە، هێزە ئەمنییەکان، چوونە ناو بینای شارەوانی سیلیڤری و تەواوی بیناکەیان پشکنی.

تا ئێستا دەیان سەرۆکی شارەوانیی جەهەپە دەستگیر کراون

پاش بردنەوەی هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 2024 لەلایەن جەهەپەوە، دۆسییەیەکی گەورەی لێکۆڵینەوە لە شارەوانییەکانی ژێر دەستی جەهەپە کرایەوە و تاوەکو ئێستا دەیان سەرۆکی شارەوانیی و سەدان کارمەندی شارەوانییەکانی ژێر دەستی جەهەپە دەستگیرکراون، کە دیارترینیان ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ بوو، کە مانگی ئازاری 2025 دەستگیرکرا و دواتریش لە کارەکەی دوورخرایەوە و زیندانیکرا.

عەدنان ئەحمەد

4 کاتژمێر پێش ئێستا