ئاسایشى نیشتمانیی عێراق: پیلانى تیرۆرکردنى سەرۆکى دەزگاکەمان پووچەڵکردەوە

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی  دەزگای ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق
لۆگۆی دەزگای ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق

دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق پووچەڵکردنەوەى پیلانێکى بۆ تیرۆرکردنى سەرۆکى دەزگاکە و ژمارەیەک لە ئەفسەرى دەزگاکەى ڕاگەیاند، گوایە لەلایەن شانەیەکى سەر بە حیزبى بەعسەوە بووە.

دوای چاودێرییەکی ورد توانراوە پیلانەکە پوچەڵبکرێتەوە

دەزگاکە لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، دوای هەوڵێکی وردی هەواڵگری کە چاودێریکردن، بەدواداچوون و دزەکردنە ناو ڕیزەکانیانی لەخۆگرتبوو، مەفرەزەکانى دەزگاکە لە بەغداد توانییان پیلانێکى تاوانکاریى مەترسیدارى شانەیەکى ناسراو بە ڕێکخراوى"گردبوونەوەى نیشتمانیی عێراق بۆ ڕزگاریى و گۆڕانکاریى" کە یەکێکە لە ڕوخسارەکانى حیزبى بەعسى قەدەغەکراو پوچەڵ بکەنەوە.

شانەکە لە قۆناغی دیاریکردنی ئامانج و ئامادەکردنی چەکدا بوون

بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەندامانى شانەکە قۆناغى هاندان و هەڕەشەکردنیان تێپەڕاندووە و لە قۆناغى ڕاسپاردن و دیارییکردنى ئامانج و ئامادەکردنى چەکدا بوون بۆ جێبەجێکردنى پیلانەکانیان بۆ تیرۆرکردنى عەبدولکەریم بەسرى، سەرۆکى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیی و گوتەبێژى فەرمى دەزگاکە و بەڕێوەبەرى ئاسایشى بەغداد و ژمارەیەک لە ئەفسەرى دەزگاکە.

دەستبەسەر بەڵگە و کەڕەستەکانی پلانەکاندا گیراون

ئاماژە بەوەشکراوە، بە هەوڵێکى پێشوەختە و بە پشتبەستن بە ڕەزامەندیی دادوەرى، مەفرەزەکانى دەزگاکە توانییان پلانەکە ئاشکرا بکەن و شوێنپێی ئەندامەکانی هەڵبگرن و تۆمەتباران دەستگیر بکەن، هەروەها دەست بەسەر بەڵگە و کەرەستەکانى پیلانەکەدا بگرن بەر لەوەى بگات بە قۆناغى جێبەجێکردن.

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا