فەیسبووک و ئینستاگرام و مەسنجەر یەک کاتژمێر وەستان

محەمەد عەلی 2 کاتژمێر پێش ئێستا

کێشەیەکی گەورە و بەردەوامی جیهانی، پلاتفۆرمە سەرەکییەکانی سەر بە کۆمپانیای مێتای پەکخست، ئەمەش وایکردووە ملیۆنان بەکارهێنەر نەتوانن بچنە ناو هەژمارەکانیانەوە.

بەکارهێنەران نامەی ئاگادارکردنەوەیان پێگەیشت

ڕاوەستان و پەککەوتنی هەریەک لە تۆڕەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام کاتژمێر 04:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەستیپێکرد پاش ئەوەی بەکارهێنەران لە تۆڕەکاندا نامەی ئاگادارکردنەوەی وەک "ئەم پەڕەیە لە ئێستادا بەردەست نییە"یان "هەڵەیەک ڕوویداوە"یان پێگەیشت کاتێک هەوڵیاندا تەماشای هەژمارەکانیان بکەن.

توانای نوێکردنەوەی پۆستەکان پەکیان کەوت لەسەرانسەری جیهان

بەگوێرەى داتا جیهانییەکانی چاودێریکردن لە پێگەی "داون دیتێکتەر" ئەگەرچی کێشە سەرەتاییەکانی پەیوەستبوون بە تۆڕەکان لە پێش نیوەڕۆوە هەبوون، بەڵام کێشە تەکنیکییەکان بە شێوەیەکی خێرا و بەرچاو لە نێوان کاتژمێر 03:00 بۆ 4:30 گەیشتنە لووتکە و پەککەوتنەکە ڕوویدا. لەو ماوەیەشدا، بەکارهێنەران لە سەرانسەری جیهان ئاماژەیان بەوەکردووە هیچ توانایەکیان بۆ نوێکردنەوەی پۆستەکان (فێدەکان)، ناردنی نامەی ڕاستەوخۆ، یان چوونە ناو ئەپەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و مەسنجەر نییە.

بەشێکی خزمەتگوزارییەکان بەردەوام بوون

ماڵپەڕی فەرمیی بازرگانیی مێتا ئاماژە بەوە دەکات خزمەتگوزارییەکانی "ئەی پی ئای" و بەڕێوەبردنی ڕیکلامەکان بە ئاسایی کاردەکەن. ئەمەش ئەوەى گەیاند ڕەنگە هۆکاری سەرەکی پەککەوتنەکە پجران و لەکارکەوتنی تەواوەتی تۆڕەکە نەبووبێت.

ڕاگیرانەکەى تاوەکو نزیکەی کاتژمێر 05:30ـی پاش نیوەڕۆى خایاند و لەو کاتەوە پلاتفۆڕمەکان گەڕانەوە.

هاوکات کۆمپانیای مێتا هیچ ڕاگەیێنراوێکی فەرمی لەبارەی هۆکاری سەرەکیی پەککەوتنی تۆڕەکانیان بڵاونەکردووەتەوە.

محەمەد عەلی

2 کاتژمێر پێش ئێستا