ئەکسیۆس: چەند فڕۆکەیەکی ئەمریکی بۆ ئامادەکاریی ڕێککەوتن بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوتن

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئاڵای ئەمریکا و ئێران لەسەر مێزی دانوستانەکان
ئاڵای ئەمریکا و ئێران لەسەر مێزی دانوستانەکان

هەموو چاوەکان کەوتوونە سەر ڕێککەوتنە ئەگەرییەکەی نێوان واشنتن و تاران کە ترەمپ بە "ڕێککەوتنی گەورە" ناوی دەبات و تاران هێشتا دانی پێدا نانێت. بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، چەند فڕۆکەیەکی ئەمریکی بۆ ئامادەکاریی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوتوون، چاوەڕوانیش دەکرێت، ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بە ئامادەیی جەی دی ڤانس لە جنێڤ، دەقی ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت.

چوار فڕۆکەی گواستنەوەی ئەمریکی بەرەو ئەوروپا بەڕێکەوتوون

پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک کە بە "ئاگادار" ناویبردوون بڵاویکردەوە، چوار فڕۆکەی گواستنەوەی جۆری (C-17)ی سەر بە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوتوون، ئەمەش وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ گەشتەکەی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ جنێڤ، بەمەبەستی واژۆکردنی ڕێککەوتنە ئەگەرییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە ترەمپ جەختی لێدەکات و ئێرانیش دەڵێت، هێشتا شێوەی کۆتایی وەرنەگرتووە.

لێدوانی ترەمپ لە بارەی ڕێککەوتنەکە

ئەم زانیارییە پاش ئەوە دێت، ڕۆژی پێنجشەممە ترەمپ گوتی، واشنتن و تاران گەیشتوونەتە "ڕێککەوتنێکی گەورە" و ئەگەر هەیە ئەم هەفتەیە لە ئەورووپا واژۆ بکرێت.

پێدەچێت لە جنێڤ واژۆ بکرێت

لەبارەی شوێنی واژۆکردنی ڕێککەوتنە ئەگەرییەکە، پێگەی بلوومبێرگ دەڵێت، پێدەچێت لە جنێڤ واژۆ بکرێت، کە نزیکە لە شوێنی بەستنی لوتکەی جی حەوت لە فەڕەنسا، کە بڕیارە بە ئامادەبوونی ترەمپ و سەرکردەی وڵاتان، ڕۆژانی 15 بۆ 17ـی ئەم مانگە ببەسترێت.

ڕۆڵێ گەورەی پاکستان

بەگوێرەی کەناڵی سی ئێن ئێنیش، بەهێزترین بژاردە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنە ئەگەرییەکە، شاری جنێڤە و بەهۆی ڕۆڵی "گەورە"ـی پاکستانیش تێیدا، ناوی لێدەنرێت "ڕێککەوتنی ئیسلامئاباد".

پێگەی ئەکسیۆس دەڵێت، بەشێک لە دەقی ڕێککەوتنە ئەگەرییەکەی دەستکەوتووە، کە نزیکە لەو دەقەی ئاژانسی میهری ئێرانی بڵاویکردووەتەوە.

بەگوێرەی ئەکسیۆس بەشێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بەم جۆرەن؛

ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران، بۆ 60 ڕۆژی دیکە درێژ دەکرێتەوە و گەرووی هوورمز لە ماوەی 30 ڕۆژدا بەتەواوی دەکرێتەوە، هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان، بۆ ئاستی پێش جەنگ دەگەرێتەوە.

ئێران بەڵێن دەدات کە گەشە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەدات و نیگەرانییەکان لەبارەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی نەهێڵێت، بەڵام ڕێککەوتنی ورد و کۆتایی لەبارەی دۆسییەی ئەتۆمی، بۆ قۆناغی دواتر بەجێدەهێڵدرێت. هاوکات هەڵگرتنی ڕێگرییەکان لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان.

پێگەکە دەڵێت، دەقی ڕێککەوتنەکە لەلایەن عەلی سەوادی کەسایەتی نێوەنگیری قەتەڕی و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران داڕێژراوە، هاوکات ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارید کوشنەری زاوای، لە کاتی گفتوگۆکانی داڕشتی دەقەکەدا بەشدارییان کردووە.

قسەکانی ترەمپ و ئەم هەواڵانە لەبارەی ڕێککەوتنە ئەگەرییەکە کاریگەریی گەورەی لە بازاڕ و بۆرسەی جیهاندا دروستکرد و نرخی نەوت دابەزی و نرخی زێڕ و زیو بەرزبوونەوە.

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا