نەتانیاهوو: ماوەی 30 ساڵە دژی دۆسییەی ئەتۆمی ئێران کار دەکەم

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

بنیامین نەتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، ماوەی 30 ساڵە دژی ئەوە کاردەکەم کە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی ، دەشڵێت، لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا تاران نابێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی.

"ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی "

بنیامین نەتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی  ئێکس ڕایگەیاند: "تا ئەو کاتەی من سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بم، ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."، هەروەها جەختی لەوەشکردەوە کە "ڕێککەوتنێکی تەواو لەنێوان من و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا هەیە سەبارەت بەم بابەتە."

کارکردن دژی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران

نەتانیاهوو ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو یەکەم کەس بووە کە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کاری کردووە، و گوتی: "ئەگەر ئەو نەبووایە،  ئەوا ئێران ببووە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل."

لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل

درەنگانی شەوی پێنجشەممەش، ئیسرائیل ڕایگەیاند، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دڵنیایی پێداوە کە لە هەر ڕێککەوتنێکی داهاتوودا لەگەڵ ئێران، بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل ڕەچاو دەکرێن.

بەڵێنی ترەمپ بۆ نەتانیاهوو

نووسینگەی نەتانیاهوو ئاشکرایکرد کە ترەمپ بەڵێنی داوە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ تاران، دەرهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی وێستگەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لەو وڵاتە لەخۆ بگرێت.

هەروەها نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل زانیاری زیاتری دا و گوتی، ترەمپ جەختی بۆ نەتانیاهوو کردووەتەوە کە "هەر ڕێککەوتنێک سنووردارکردن بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک لەلایەن ئێرانەوە دەسەپێنێت و کۆتایی بە پاڵپشتییەکانی بۆ بریکارەکانی لە ناوچەکەدا دەهێنێت، لەوانەش حەماس و حیزبوڵا."

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی نەتانیاهوو، ناوبراو لەگەڵ ترەمپدا باسی لە "یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن" کردووە کە ئێستا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا خەریکە گەڵاڵە دەبێت و ئامانج لێی دەستپێکردنی دانوستانەکانە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئیسرائیل لایەنێک نییە لەم گفتوگۆیانەدا.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا