ژنێکى 28 ساڵ لە سنوورى هەولێر لەکاتى مەلەکردن خنکا
لە ماوەى کەمتر لە دوو ڕۆژدا، چوار حاڵەتى خنکان لە هەرێمى کوردستان تۆمارکراون و ماوەى سێ ڕۆژیشە گەڕان بەدواى مێردمنداڵێکى ونبووى چەمى زەڵمى سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە بەردەوامە.
لە زێی بچووک خنکاوە
عەلى قادر، گوتەبێژى بەرگریی شارستانیى ڕاپەڕین بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ تیمەکانیان تەرمى ئەو هاونیشتمانییەیان دۆزیووەتەوە کە لە زێی بچووک، لە نزیکی گوندی گەرمکان، خنکاوە.
چۆنێتی یەکێک لە ڕووداوەکان
گوتیشى، ئەو هاونیشتمانییە ناوى محەممەد حەسەنە، تەمەنى 62 ساڵە و خەڵکى خانەڵەى بنارى ئاسۆسە و ویستویەتى لەگەڵ کەسێکى دیکەدا بەبەلەم بگەڕێتەوە بۆ گوندەکەى خۆى بەڵام کەوتووەتە ناو ئاوەکە و خنکاوە.
خنکانی ئافرەتێکی تەمەن 28 ساڵ
هاوکات بەڕێوەبەرايەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، کاتژمێر 3:40 خولەکى ئەمڕۆ ئاگادار کرانەوە بە بوونی ڕووداوی خنکانی ئافرەتێکی تەمەن 28 ساڵ لە گوندی وەردەک لەکاتی مەلەکردندا.
لە ماوەیەکی کەمدا دۆزراوەتەوە
دەشڵێت: دوای 35 خولەك گەڕان توانراوە لە لايەن تيمی ژێرئاوی خەبات تەرمەکە بدۆزرێتەوە و ڕەوانەی پزيشکی دادی بکرێت.
ڕووداوەکەی کەلار
ڕۆژى چوارشەممە، لە گوندی ساڵح ئاغا سەر بە شارەدێى قۆرەتوو، تەرمی مێردمنداڵێک گەیەنراوەتە نەخۆشخانەى شەهید هەژار لەکەلار و منداڵەکە لەکاتى مەلەکردن لە ئاوى باڵەجۆ خنکا.
خنکانی منداڵێک لە دهۆک
هەمان ڕۆژ لە سنوورى پارێزگاى دهۆک، تەرمى مێردمنداڵێک لە بەنداوى خانکێ دۆزرایەوە.
ماوەى سێ ڕۆژیشە، گەڕان بەدواى مێردمنداڵێکى بە ڕەچەڵەک عەرەب لە چەمى زەڵمى سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە بەردەوامە کە گومان دەکرێت کەوتبێتە ناو ئاوەکە و خنکا بێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا