شاندى وەزارەتى کشتوکاڵ بۆ ژمارەیەک پرس دەچێتە بەغداد

ئارا ئیبراهیم 3 کاتژمێر پێش ئێستا
هیوا عەلی، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى هەرێمى کوردستان
هیوا عەلی، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى هەرێمى کوردستان

بڕیارە سەرەتاى هەفتەى داهاتوو شاندى وەزارەتى کشتوکاڵ سەردانى بەغداد بکات و لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەى لەبارەى گەنم و ڕۆژمێرى کشتوکاڵییەوە دانوستان بکات.

سەردانەکە چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی پڕۆتۆکۆلییە

هیوا عەلى، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ بە کەناڵ8ـى گوت "شاندەکە لەلایەن بێگەرد تاڵەبانى سەرۆکایەتی دەکرێت و هەموو ئامادەکارییەکان کراون و چاوەڕێى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین لە بەغداد لە ڕووى پرۆتۆکۆڵییەوە کاتەکەى یەکلایبکاتەوە".

دیاترین ئەو دۆسییانەی تاوتوێ دەکرێن

بڕیارە شاندەکە ژمارەیەک دۆسیەى گرنگ لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق تاوتوێ بکات لەوانە زیادکردنى وەرگرتنى گەنم، شاندەکە بەنیازە داوا بکات ئەو بڕە گەنمەى لە دەرەوەى پلان وەردەگیرێت بخرێتە نێو پلان.

بابەتی بەردانەوەی ئاو و ڕۆژمێری کشتوکاڵی

هاوکات لەبارەى ڕەوانەکردنى بەرهەمى ناوخۆیی هەرێمى کوردستان بۆ ناوەڕاست و خوارووى عێراق کێشەى گواستنەوەو کاراکردنى ڕۆژمێرى کشتوکاڵى گفتوگۆ دەکرێت.

هیوا عەلى، باسى لەوەشکرد، لەگەڵ وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاو لەبارەى بەردانەوەى ئاو و دروستکردنى بەنداوى نوێ گفتوگۆ دەکرێت.

بڕیارە شاندەکە لەگەڵ سەرۆککۆمارى عێراق، سەرۆکوەزیران ولیژنەى کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنى نوێنەران و فراکسیۆنە کوردییەکان و وەزیرە کوردەکان کۆببێتەوە تاوەکو لۆبى و پاڵپشتى بۆ داواکارییەکانى وەزارەتى کشتوکاڵ بکەن.

لەبارەى وادەى سەردانەکەوە، بەرپرسێک لە نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەغداد، بە کەناڵ8ـى گوت "سەرەتاى هەفتەى داهاتوو وادەکەى یەکلا دەکرێتەوە کە لەم هەفتەیەدا دەبێت یاخود نا".

شاندى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، پێکدێن لە بێگەرد تاڵەبانى وەزیر و ڕزگار حەمە خدر، ڕاوێژکارى وەزارەت و ڕەحمان خانى، بەڕێوەبەرى بەنداوەکان و بەڕێوەرى گشتى پلاندانان و چەند بەرپرسێکى دیکەى وەزارەت.

ئارا ئیبراهیم

3 کاتژمێر پێش ئێستا