هاتوچۆی سلێمانی گواستنەوەى بەنزین لە شۆفێرانى خوارووى عێراق قەدەغە دەکات
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، هەڵگرتن و گواستنەوەى بەنزین و سووتەمەنی زیادە بە دەبە، لە شۆفێرى ئەو ئۆتۆمبێلانە قەدەغە دەکات کە لە ناوەڕاست و خوارووى عێراقەوە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکەن.
لە دەبەدا بەنزین لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت: پاش ئەوەی تێبینیان کردبوو شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە سەردانى هەرێمی کوردستان دەکەن، سووتەمەنی بەنزینیان بە دەبە لەگەڵ خۆیان هێناوە و لەسەر سەقف و لە سندووقی ئۆتۆمبێلەکانیاندا داناوە بۆ ئەوەى پاش تەواوبوونی بەنزینی تانکی ئۆتۆمبێلەکانیان بەکاری بهێننەوە.
مەترسی دروستکردووە لە کاتی ڕووداوی هاتووچۆدا
دەشڵێت: لە بەدواداچوونی مەفرەزەکانی هاتوچۆ دەرکەوت کە مەترسی لەسەر ژیانی گەشتیاران و شۆفێران و هاوڵاتییان دروست دەکات لە ئەگەری ڕووداوێکی هاتوچۆدا ڕەنگە قەبارەی ڕووداوەکە گەورەتر بکات و کارەساتی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە.
چۆنێتی وەگرتن و گێڕانەوەی سووتەمەنییەکە
هاتوچۆی سلێمانی ئاماژە بەوەشدەکات، لەپێناو سەلامەتی هاوڵاتییان و گەشتیاران بڕیاریاندا لێپرسینەوە لە شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلانە بکەن و لە وێستگەیەکی سووتەمەنی لێیان وەربگیرێت و پسوڵەیەکی پێبدرێت و لە کاتی گەڕانەوەیاندا سوتەمەنییەکەیان پێبدرێتەوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا