دەرگای سایلۆکان کرایەوە؛ وردەکاریی وەرگرتنی گەنم و خەرجکردنی پارەی جووتیاران

ئارام قەرەداغی 4 کاتژمێر پێش ئێستا
بارێکی گەنم لە یەکێک لە سایلۆکانی کەرکووکدا
بارێکی گەنم لە یەکێک لە سایلۆکانی کەرکووکدا

پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەولێر دەستیپێکرد و وەزارەتی بازرگانیی عێراقیش بەڵێنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ساڵی ڕابردوو و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ گەنمی زیادە دەدات.

کردنەوەی دەرگای سایلۆکان لە هەولێر

مستەفا نزار، وەزیری بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ لە پارێزگای هەولێر کردنەوەی دەرگای سایلۆکانی بەڕووی وەرگرتنی گەنمدا ڕاگەیاند. وەزیر ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ ئەوەی جووتیاران زۆر چاوەڕوان نەکەن و شوێنی پێویستیش بۆ کۆگاکردنی ئەو بڕە گەنمە دابینکراوە کە بڕیاری وەرگرتنی دراوە.

خەرجکردنی پارەی گەنمی ساڵی ڕابردوو

سەبارەت بە شایستە داراییەکان، وەزیری بازرگانی ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی زەیدی پابەندە بە دابینکردنی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی ڕابردوو. ئاشکرای کرد کە گوژمەیەک پارە خەرجکراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا گوژمەکانی دیکە بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێن.

هەناردەکردنی گەنمی زیادە بۆ دەرەوە

مستەفا نزار ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گەنمەی لە دەرەوەی پلانی وەرگرتن دەمێنێتەوە، هەوڵدەدەن هەناردەی دەرەوەی بکەن. دڵنیایی دایە جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە کار دەکەن بۆ ئەوەی زیانمەند نەبن و پاڵپشتییان دەکەن بۆ دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان.

دابەشبوونی بڕی وەرگرتنی گەنم بەپێی پارێزگاکان

کۆی گشتیی ئەو گەنمەی ئەمساڵ لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت 400,000 تۆنە و بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بەم شێوەیە دابەشکراوە:

  • سلێمانی: 150,209 تۆن.
  • هەولێر: 122,680 تۆن.
  • دهۆک: 116,083 تۆن.
  • هەڵەبجە: 11,028 تۆن.
ئارام قەرەداغی

4 کاتژمێر پێش ئێستا