نەینەوا هێشتا 'سەبەتەی گەنمی عێراقە'؛ ڕیکۆردی بەرهەمهێنانی گەنم دەشکێنێت

شۆڕش محەمەد 4 کاتژمێر پێش ئێستا
دوو دەڕاسە لەناو یەکێک لە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی گەنم، خەریکی دروێنەن لە پارێزگای نەینەوا
دوو دەڕاسە لەناو یەکێک لە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی گەنم، خەریکی دروێنەن لە پارێزگای نەینەوا

حکومەتی عێراق پلانی وەرگرتنی گەنمی بۆ پارێزگاکان ڕاگەیاند و بەپێی داتاکان پارێزگای نەینەوا بە تەنیا زیاتر لە 1 ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت.

پێوەرەکانی دیاریکردنی بڕی وەرگرتنی گەنم

وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕی وەرگرتنی گەنمی لە پارێزگاکان بەپێی دوو پێوەری سەرەکی دیاری کردووە؛ یەکەمیان پلانی کشتوکاڵیی پەسەندکراو و دووەمیشیان توانای کۆگاکردنی سایلۆکانە. لەم چوارچێوەیەدا پارێزگای نەینەوا وەک گەورەترین بەرهەمهێنەری گەنم لەسەر ئاستی عێراق دەستنیشان کراوە.

دابەشبوونی پارێزگاکان بەپێی سەرچاوەی ئاودێری

لە پلانی کشتوکاڵیدا، پارێزگاکانی عێراق بەپێی سەرچاوەی ئاو و کەشوهەوا بۆ 3 گرووپی سەرەکی دابەشکراون:

پارێزگاکانی پشتبەستوو بە باران: ئەم زۆنە پارێزگاکانی باکوور و بەشێک لە هێڵی ناوەڕاست دەگرێتەوە، بەتایبەت دەشتی نەینەوا.

پارێزگاکانی پشتبەستوو بە ڕووبار و بەنداوەکان: ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگرێتەوە کە بریتین لە بەغداد، بابل، واست، دیوانیە، نەجەف و میسان.

پارێزگاکانی پشتبەستوو بە ئاوی ژێرزەوی: ئەم گرووپە پارێزگاکانی ئەنبار و بەشێک لە نەجەف، موسەننا و کەربەلا لەخۆدەگرێت.

نەینەوا؛ سەبەتەی گەنمی عێراق

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵ، دەشتی نەینەوا نازناوی "سەبەتەی گەنمی عێراق"ـی وەرگرتووە. لەم ساڵانەی دواییدا ئەم پارێزگایە توانیویەتی ڕیکۆرد بشکێنێت و بڕی زیاتر لە 1 ملیۆن تۆن گەنم ڕادەستی سایلۆکان بکات، کە ئەم بڕە نزیکەی 1/5ـی تەواوی بەرهەمی گەنمی عێراق پێکدەهێنێت.

ڕیزبەندی گەورەترین بەرهەمهێنەرانی گەنم

لە ڕیزبەندیی گەورەترین بەرهەمهێنەرانی عێراقدا، پارێزگای نەینەوا لە پلەی یەکەمدایە کە پشت بە شێوازی دێمی و باران دەبەستێت. پارێزگای واست لە پلەی دووەمدایە کە بەرهەمەکەی بەراوە و پشت بە ڕووبارەکان دەبەستێت. پارێزگای سەڵاحەدینیش لە پلەی سێیەمدایە کە پشت بە ئاوی ڕووبار و ئاوی ژێرزەوی دەبەستێت.

دۆخی بەرهەمهێنان لە ناوچە جیاوازەکان

لە ناوچەکانی باکوور (نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەدین) زۆرترین بڕی گەنم بەرهەم دەهێنرێت. لە ناوچەکانی ناوەڕاست و فوڕاتی ناوەڕاست (واست، دیوانیە، بابل، بەغداد) گەنمەکە خاوەن کوالێتییەکی بەرزە بۆ ئارد. لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشووریش (ئەنبار، موسەننا، بەسڕە، کەربەلا) بەرهەمهێنان بەپێی سەرچاوە ئاوییە جیاوازەکان بەردەوامە.

شۆڕش محەمەد

4 کاتژمێر پێش ئێستا