شۆفێرانی دهۆک: بەهۆی گرانیی بەنزینەوە ناچارین بە بلۆک و تەنەکە نۆرە بگرین
قەیرانی سووتەمەنی لە دهۆک قووڵتر دەبێتەوە و شۆفێران شەوانە ناچارن لە نۆرەیەکی درێژدا بمێننەوە، ئەمەش وایکردووە شێوازێکی نوێ بۆ پاراستنی سەرەی ئۆتۆمبێلەکانیان بەکاربهێنن.
شێوازێکی نوێی نۆرەگرتن لە دهۆک
لە شاری دهۆک قەیرانی بەنزین سەریهەڵداوەتەوە و دیمەنی نائاسایی لە بەردەم وێستگەکان دەبینرێت. بەشێک لە شۆفێران بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە ناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا نەمێننەوە، پەنایان بردۆتە بەر دانانی بەرد، بلۆک و تەنەکە لەسەر شەقامەکان بۆ ئەوەی نۆرەی وەرگرتنی بەنزینی پێ بگرن.
هۆکاری قەیرانەکە و پەنابردن بۆ بەنزینی حکومی
بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی بەنزینی بازرگانی، فشاری زۆر کەوتووەتە سەر ئەو وێستگانەی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی بە نرخی 750 دینار دابەش دەکەن. شۆفێران ناچارن شەوانە تا درەنگان و تەنانەت تا بەیانی لە نۆرەکاندا بمێننەوە بۆ ئەوەی تەنیا چەند لیترێک بەنزین بەو نرخە دەستبخەن.
نرخی جۆرەکانی بەنزین لە بازاڕدا
لە دهۆک نرخی بەنزینی بازرگانی بۆ هەر سێ جۆرەکە گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی، نرخەکان بەم شێوەیەیە:
یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ: 1,150 دینار.
یەک لیتر بەنزینی موحەسەن: 1,300 دینار.
یەک لیتر بەنزینی سۆپەر: 1,500 دینار.
بارگرانی لەسەر هاونیشتمانییان و نەبوونی چارەسەر
بەرزبوونەوەی نرخەکان بارگرانییەکی دارایی قورسی خستووەتە سەر شانی شۆفێران و هاونیشتمانییان، بە جۆرێک کاتێکی زۆری شەو و ڕۆژیان لە نۆرەکاندا بەفیڕۆ دەچێت. تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ ئاسۆیەکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە و دابەزاندنی نرخەکان بۆ شۆفێرانی سنوورەکە ڕانەگەیاندووە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا