بۆچی هەندێکجار دوای پەتا، کۆکە دەمێنێتەوە؟
مانەوەی کۆکە دوای پەتا، حاڵەتێکی بڵاوە بەتایبەت لە دوای پەتای (ئەنفلۆنزا)ی ئەم ساڵ، چارەخوازەکە نیشانە سەرەتاییەکانی پەتاکە تێدەپەڕێنێت وەک قوڕگئێشە، لەرز و تا و تەڕیی لووت، بەڵام کۆکەیەکی ووشکی بێزارکەر دەمێنتەوە تاوەکو ڕشاندنەوەی کەسەکە، هەندێکجار چارەخوازەکە دەڵێت '' کۆکەکەم تەڕە یان بەڵغەمم هەیە''، یان هەندێکجار چارەخوازەکە دەڵێت '' ناوێرم هەوایەک لێمبدا یان لە ناو کۆمەڵێک خەڵکدا پێبکەنم، دەستبەجێ کۆکەکەم بۆ دێت و ئیتر لێم نابێتەوە''. بەگشتی کۆکەکە لە چەند هەفتەیەکەوە تاوەکو 12 هەفتە ( واتا چەند مانگێک) دەخایەنێت، هەندێکجار بۆ ماوەیەکی زیاتریش درێژە دەکێشێت. لە زۆربەی کاتدا ئەم حاڵەتە پێویستی بە ئەنجامدانی پشکینن نییە، بەتایبەت لە ماوەی سەرەتای دوای چاکبوونەوە لە پەتاکە، بەڵام ئەگەر حاڵەتەکە درێژە بکێشێت بۆ چەند هەفتەیەک، پێویست بە ئەنجامدانی پشکنینی تیشکی سییەکان یان پشکنینی هێڵکاریی سییەکان دەکات.
هۆکارەکانی مانەوەی کۆکە لە دوای چاکبوونەوە لە پەتا چین؟
هەندێک هۆکار هەن ئەگەری مانەوەی کۆکە لە دوای چاکبوونەوە لە پەتا زیاد دەکەن، لەوانە:
- کەسەکە پێشتر گرفتی هەستەوەریی هەبووە، بەڵام پێی نەزانیوە یان پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەر نەبووە، لە دوای پەتاکە کۆکەکە زیاد دەکات
- دەکرێت ڤایرۆسی پەتاکە داببەزێتە بەشی خوارەوەی بۆرییەکانی هەواو و ببێتەهۆی دروستبوونی هەوکردنی سییەکان
- ناجێگیریی کەشوهەوا و زوو زوو گۆڕانی پلەکانی گەرما
- هەندێک جۆر ڤایرۆس ئەگەری دروستبوونی هەستەوەریی زیاتر دەکەن و ئەگەری مانەوەی کۆکەی دوای پەتا زیاد دەکەن، وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا و RSV کە لەوانەیە لەهەندێک وەرزدا زۆربەی حاڵەتەکان پێک بهێنن
- ئەو کەسانەی گرفتی هەوکردن و کێشەی جیوبەکانی هەوایان هەیە یان دەردراوەکان بەبەشی پشتەوەی گەرووی کەسەکدا بچێتە خوارەوەی کۆئەندامی هەرسیان
- ئەو کەسانەی کە جۆرە دەرمانێکی بەرزەفشاری خوێن بەکاردەهێنن ، ئەگەری دروست بوونی کۆکەیان زیاترە، وەک ACE inhibitors
- ئەو چارەخوازانەی گرفتی سستی دڵیان هەیە یان گرفتی نەخۆشیی ڕەبۆ و گیرانی بۆرییەکانی هەوا یان گرفتی بەڕیشاڵبوونی سیەکانییان هەیە، لە ئەم حاڵەتانەدا چارەخوازەکە خۆی کۆکە و هەناسەتووندی هەیە، بەڵام لە دوای پەتاکە زیاتر دەبێت
- ئەو کەسانەی گرفتی هەوکردنی گەدە و کێشەی گەڕانەیەوەی تڕشەڵۆکیان هەیە بۆ ناو سورێنچک (دڵەکزێ) یان لە ئەو کەسانەی لە سەرەتای پەتاکەدا پشوو بە جەستەیان نادەن و بەردەوام دەبن لەسەر ئەنجامدانی کاری گران، چوونە دەرەوە و دوو هەوا کەوتن
چارەسەر و هەنگاوە خۆپارێزییەکان بۆ تووشنەبوون بە حاڵەتی مانەوەی کۆکەی دوای پەتا چین؟
- هێشتنەوەی گەروو و قورگ بە تەڕی، واتە کەسەکە پێویستە بەردەوام ئاو و شلەمەنیەکانی دیکە بخواتەوە، وەک سوپ و گوشراوی میوەکان
- خواردنی کەوچکێک هەنگوینی سروشتی یان زەیتی زەیتون و کەتان
دوورکەوتنەوە لە ئەو هۆکارانەی کە ئەگەری دروستبوونی هەستەوەری زیاد دەکەن، وەک:
- هەوای سارد
- ئاوی سارد
- خواردنەوە گازییەکان
- خواردنی خواردنی ترش و ترشیات
- بەکارهێنانی پێکهاتە پاککەرەوەکان
- تەپوتۆز وخۆڵ
- بەکارهێنانی بۆن
- بەرکەوتن بە دووکەڵ
- خواردنەوەی دۆی ترش
- خواردنی هەناری ترش
- خواردنی چەرەس، بەتابەت گوڵەبەڕۆژە، کە تەپوتۆزی زۆری پێوە بێت، لە کاتی کرتاندنی بە ددان دەچێتە قوڕگەوە
- بەکارهێنانی چەند جۆرێک دەرمان
د.هەرێم کەریم
پزیشكی پسپۆڕی ووردی نەخۆشیەکانی سنگ و بۆریەکانی هەوا
3 کاتژمێر پێش ئێستا