لینکی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی بۆ جوتیارانی پارێزگای هەولێر بڵاوکرایەوە

ئارام قەرەداغی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکێک لە سایلۆکانی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان
یەکێک لە سایلۆکانی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان

جووتیارانی پارێزگای هەولێر ئاگاداردەکرێنەوە کە پڕۆسەی ڕادەستکردنی گەنم گۆڕانکاریی تێدا کراوە و لەمەودوا بەبێ نۆرەی پێشوەختەی ئەلیکترۆنی، ڕێگە بە هیچ بارهەڵگرێک نادرێت بچێتە ناو سایلۆکان.

سیستەمی نوێی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی

بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر ڕایگەیاند، بۆ ئەمساڵ پڕۆسەی بەبازاڕکردنی گەنم ڕێکخراوەتەوە و وەرگرتنی نۆرە تەنیا بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەبێت. جووتیاران دەبێت پێش ئەوەی بەرهەمەکانیان بەرەو سایلۆکان بگوازنەوە، لە ڕێگەی لێنکێکی تایبەتەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن و نۆرە وەربگرن.

(https://hajz.grainboardiq.com)

پابەندبوون بە کات و ڕێکەوتی دیاریکراو

ئاگادارییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە جووتیار لەو ڕێکەوتەی بۆی دیاریکراوە لەبەردەم سایلۆ ئامادە بێت بۆ ڕادەستکردنی گەنمەکەی. لە ئەگەرى ئامادەنەبوون لە کاتی دیاریکراودا، نۆرەی جووتیارەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەڵدەوەشێتەوە و ناچار دەبێت جارێکی دیکە لە ڕێگەی لینکەکەوە ناوی خۆی تۆمار بکاتەوە و نۆرە بگرێتەوە.

وردەکاریی زانیارییەکان و مەرجی چوونەژوورەوە

بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی هۆشداری دەدات کە هەر هەڵەیەک لە کاتی پڕکردنەوەی زانیارییەکاندا هەبێت، ڕێگە بە چوونەژوورەوەی بارهەڵگرەکە بۆ ناو سایلۆ نادرێت. پێویستە جووتیاران پێش هێنانی گەنمەکەیان، لە ڕاست و دروستیی تەواوی ئەو زانیارییانە دڵنیا ببنەوە کە لە سیستەمەکەدا تۆماریان کردووە.

پشتڕاستکردنەوە لە ڕێگەی کورتەنامەوە

خۆتۆمارکردنی پێشوەختە بۆ هەموو جووتیاران ناچارییە و بەبێ ئەو نۆرەیە بەرهەمەکانیان لێ وەرناگیرێت. دوای ئەوەی جووتیارەکە زانیارییەکان بە ڕاستی تۆمار دەکات، کورتەنامەیەکی پشتڕاستکردنەوە بۆ ئەو ژمارە مۆبایلە دێت کە لە سیستەمەکەدا بەکاری هێناوە، کە وەک بەڵگەی وەرگرتنی نۆرەکە دادەنرێت.

ئارام قەرەداغی

3 کاتژمێر پێش ئێستا