وەرگرتنی گەنم لە 10 پارێزگای عێراق کۆتاییهات

کۆگایەکی وەرگرتنی گەنم لە عێراق
کۆگایەکی وەرگرتنی گەنم لە عێراق

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە 10 پارێزگا کۆتاییهاتووە و زیاتر لە سێ ملیۆن تۆنیان وەرگرتووە.

ئەو گەنمەی وەرگیراوە هێشتا پشکی هەرێمی تیا نییە

حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی سێ ملیۆن و 194 هەزار تۆن لە پارێزگاکانی عێراق، بەبێ هەرێمی کوردستان وەرگیراوە.

لە هەرێم و چەند پارێزگایەکی دیکە بەردەوامە

دەشڵێت، "پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکە بەردەوامە".

بە گوتەی حەیدەر گەرعاوی، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەرگرتنی گەنم لە دیالە و سەڵاحەدین کۆتایى دێت، تەنیا لە هەرێمی کوردستان و کەرکووک و نەینەوا بەردەوام دەبێت.

گەنمی دەرەوەی پلانیش وەردەگیرێت

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە جەخت لەوە دەکاتەوە، بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، گەنمی زەوییەکانی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی لە جووتیاران وەردەگیرێت، کە هاوتەریب لەگەڵ لەگەڵ پڕۆسەی گەنمی ناو پلانی کشتوکاڵی، دەست بە وەرگرتنی گەنمی دەرەوەی پلانیش کراوە.