بەڕێوەبەرى وەبەرهێنانى هەولێر: هەزار یەکە بۆ کرێنشینان لە شارۆچکەى عەینکاوە دروست دەکرێت
لە شارۆچکەى عەینکاوە لە شارى هەولێر، بەردى بناغەى پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون دادەنرێت کە تایبەتە بە کرێنشینان.
سامان عارەب، بەرێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر، بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" بەردى بناغەى پرۆژەیەکى هەزار یەکەیی بۆ کرێنشینان دانراوە ".
چوار ساڵە بڕیاری درووستکردنی دراوە
ئەم پڕۆژەیە بەرلە چوارساڵ لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیارى درووستکردنى درا لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان بەڵام دواتر هیچ هەنگاوێکى کردەیی نەنرا.
تایبەت دەبێت بە کرێنشینان
ئەوەى ئێستاش درووستدەکرێت بەشێکە لەو بڕیارەى کە بەرلە چوارساڵ دراوە و ئێستا دەستکراوە بە درووستکردنى هەزار یەکەى نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان لەکۆى شەش هەزار یەکە کە بڕیاردرابوو لە شارى هەولێر درووستبکرێت.
یەکەکان بەشێوەی شوقە دروست دەکرێن
بەڕێوەبەرى وەبەرهێنانى هەولێر ئاشکرایکرد،" بڕیارى نزیکەى شەش هەزار یەکەى نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان لە هەولێر دراوە، لەو ژمارەیە ئێستا هەزار یەکە لە سەرۆکایەتى شارەوانى عەینکاوە مۆڵەتى پێدراوەو دەستکراوە بە درووستکردنى بناغەکەى و ئێستا ئامێرەکان کارى تێدادەکەن، و بەشێوەى شووقە یەکەکان دروست دەکرێن".
شوێنی یەکەکانی دیکە
بەڕێوەبەرى وەبەرهێنانى هەولێر ئاماژەى بەوەکرد، شوێن و پڕۆپۆزەڵ بۆ یەکەکانى دیکەش دیاریکراوە، کە لە باغلومنارە لەسەر شەقامى 120، هەروەها گەڕەکى گەرەسۆر نزیک بنەسڵاوەش دیاریکراوە بۆ یەکەکانى دیکەى کرێنشینان.
چۆنێتی قیستەکان لەسەر کڕێنشینان
سامان عارەب گوتى، یەک مەتر لە یەکە نیشتەجێبووەکان بۆ کرێنشینان بە 350 دۆلار و بە قیستى 15 ساڵ دروست دەکرێت و بڕیارە قیستى مانگانە لە سنوورى 163 دۆلاردا بێت.
پاڵپشتی دارایی پێویستی بە بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراقە
ئەوەشى دووپاتکردەوە، لەگەڵ وەزارەتى داراییى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە گفتوگۆدابوون تاوەکو بتوانرێت پاڵپشتى دارایی پرۆژەکان بکرێت، لەڕێگەى سندووقى نیشتەجێبوون و چەند پێشنیارێکیش هەبووە، بەڵام پێویستە بانکى ناوەندیی عێراق بڕیارى لەسەر بدات.
کێ لە پرۆژەکە سوودمەند دەبێت؟
جەختى لەوەشکردەوە، ئەوانەى لەڕێگەى ئۆنلایەن فۆرمى کرێنشینانیان پڕکردووەتەوە سوودمەند دەبێت بە مەرجى ئەوەى کرێنشین بێت و پشتڕاستکردنەوەى ئەوەش لەرێگەى فەرمانگەکانى خانووبەرەو کارەباوە دەکرێت.
لە 10ـى 5ـى 2022، حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا، بە دروستکردنى 20 هەزار یەکەى نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان، لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان پرۆژەکە لەلایەن حکومەت پاڵپشتيدەکرێت و لەمانگى تەمووزى ساڵى 2022، 90 هەزار و 162 فۆڕم لەلایەن کرێنشینان پرکرایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە زۆربەى ناوچەکان دەست بەجێبەجێکردنى پرۆژەکان نەکراوە.
ئەمە لەکاتێکدا لەهەرێمى کوردستان نزیکەى 200 هەزار کرێنشین بوونى هەیەو تەنیا لە پارێزگاى هەولێر زیاتر لە 90 هەزار کرێنشین هەیە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا