ئەنچیلۆتى بۆچى نەیمارى بانگێشتى هەڵبژاردەى بەرازیل کردووە؟
کارلۆ ئەنچیلۆتىی ڕاهێنەرى هەڵبژاردەى بەڕازیل دانى بەوەدا نا کە نەیمار پێویستیەکى گەورەیە بۆ هەڵبژاردەکە و بەهۆى ئەوەى ئەزموونێکى زۆرى هەیە بانگێشتى پێکهاتەکەى کردووە.
لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، ئەنچیلۆتى ڕایگەیاند، نەیمار بەهۆى پێکانەوە بەشداریی یەکەم یاریی هەڵبژاردەکە بەرامبەر مەغریب ناکات، بەڵام گەشبینە بەوەى لە یاریی دووەمدا ئامادە بێت و بگەڕیتەوە بۆ ڕاهێنانە بەکۆمەڵەکان.
ئەو ڕاهێنەرە ئیتاڵیە گووتیشى: "نەیمار یاریزانێکى پڕ جوڵەیە و توانایەکى تاکەکەسى باشى هەیە، بەڵام لەبەر ئەو هۆکارە بانگێشتى بەڕازلى نەکردووە، بەڵکو لە پێناو ئەوە خستویەتیە ناو پێکهاتەکە، کە سەرکردەیە و ئەزموونێکى زۆرى هەیە، ئەوەش یارمەتیدەرێکى زۆرى تیپەکە دەبێت بۆ تێپەڕاندنى دۆخە قورسەکان.
نەیمار دا سیلڤا، لە ساڵى 2023ەوە بەهۆى پێکانەوە نەیتوانیوە هیچ یارییەک بۆ هەڵبژاردەى بەڕازیل ئەنجامبدات، بەڵام ئەنچیلۆتى بانگێشتى مۆندیالى کردووە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش جارێکى دیکە دووچارى پێکان بوو لە ماسولکەکانى قاچیدا و بەو هۆیەوە لە پێکهاتەى هەڵبژاردەکە بۆ یارییەکەى مەغریب دوورخرایەوە.
سەرچاوە پزیشکیەکانی بەڕازیلیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەستەمە نەیمار بەشدارى هیچ یارییەکى قۆناغى کۆمەڵەکان لە مۆندیالدا بکات.
4 کاتژمێر پێش ئێستا