ڕۆژانی تاقیکردنەوە گشتییەکان هێڵی ئینتەرنێت دەبڕدرێت
وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان، لەسەر داواکاری وەزارەتی پەروەردە، بڕیاریدا بە بڕینی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت و نامەی دەنگ و ڕەنگ لە کاتی تاقیکردنەوەی گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی.
لە پێناو کەمکردەوەی دیاردەی گزیکردن
وەزارەتەکە لە نووسراوێکدا دەڵێت، لەپێناو کەمکردنەوەی دیاردەی گزیکردن ڕەزامەندییان لەسەر داواکەى وەزارەتی پەروەردە داوە.
تەنها بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ و یەک کاتژمێر
بەگوێرەى نووسراوەکە، بڕینی ئینتەرنێت تەنیا بۆ پێنج ڕۆژ و بۆ ماوەی یەک کاتژمێر دەبێت لە کاتژمێر 6:30 – 7:30ـی بەیانیی ڕۆژانی 24 و 28ـی ئەم مانگە و ڕۆژانی 1 و 5 و 8ـی مانگی تەمموزی داهاتوو دەبێت.
ئەو شوێنانەی بەدەرکراون لە بڕینی ئینتەرنێت
دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە ڕایگەیاند، چەندین شوێن بەدەرکراون لە بڕینی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت و لە هیچ حاڵەتێکدا هێڵی ئینتەرنێتیان نابڕدرێت، لەوانەش سەنتەری هەژماری من، ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە، بانکەکان، فڕۆکەخانەکان، داتا سەنتەری پڕۆژەی ڕووناکی و پێوەری زیرەک و هەندێک شوێنی دیکە، کە بەگوێرەى سنووری کارکردنی کۆمپانیاکان ئاگاداریان دەکەنەوە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا