بەڕێوەبەری سایلۆی ڕاپەڕین: 20 هەزار تۆن گەنم لە ئیدارەی ڕاپەڕین وەردەگیرێت

کیژان مەحمود 4 کاتژمێر پێش ئێستا
قافڵەى ئۆتۆمبیێلى گەنمى جوتیاران لە یەکێک لە سایلۆکان
قافڵەى ئۆتۆمبیێلى گەنمى جوتیاران لە یەکێک لە سایلۆکان

پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین دەستیپێکرد؛ بەڕێوەبەری سایلۆی ناوچەکەش ڕایدەگەیەنێت، لە ڕێگەی سیستەمی ئۆنلاینەوە نۆرە بۆ جووتیاران دیاریکراوە و هیچ کێشەیەکی شوێن بۆ کۆگاکردنی گەنمەکان نییە.

بەکارخستنی سیستەمی نۆرەگرتنی ئۆنلاین

بەڕێوەبەری سایلۆی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، سیستەمی نۆرەگرتنی پێشوەختەی ئۆنلاین کارئاسانی زۆری بۆ جووتیاران کردووە. ئەم شێوازە نوێیە کۆتایی بەو کێشە و دەمەقاڵێیانە هێناوە کە لە ساڵانی ڕابردوو لە نێوان جووتیاران لەسەر پێش و پاشخستنی نۆرەکان دروست دەبوو، بەوەش پرۆسەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانەتر بەڕێوەدەچێت.

بڕی وەرگرتن و نرخە جیاوازەکان

لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بڕی 20 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت. بەپێی پلانەکە، 70%ـی گەنمەکە لە چوارچێوەی پلانی فەرمیدایە و بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێت، بڕی 5 هەزار تۆنەکەی دیکەش کە لە دەرەوەی پلانەکەیە، بە نرخی 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێت.

دۆخی گەنجینەکان و گەنمی ساڵانی ڕابردوو

سەبارەت بە توانای کۆگاکان، شەماڵ ڕەسوڵ ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی 20 هەزار تۆن گەنمی ساڵانی 2024 و 2025 لە سایلۆ و کۆگاکاندا ماوەتەوە. لەو بڕە 10 هەزار تۆنی لەناو سایلۆدایە و 10 هەزار تۆنەکەی دیکەی لە کۆگاکان هەڵگیراوە. بەڕێوەبەری سایلۆکە دڵنیایی دەدات کە سەرجەم گەنمی جووتیاران بۆ ئەمساڵ وەردەگیرێت و کێشەی کەمیی شوێنیان نییە.

کیژان مەحمود

4 کاتژمێر پێش ئێستا