سەرۆکوەزیرانی پاکستان: لە 24 کاتژمێری داهاتوودا ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران واژۆ دەکرێت
سەرۆکوەزیرانی پاکستان مژدەی کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران دەدات و ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا ڕێککەوتنێکی مێژوویی ئاشتی بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ دەکرێت.
نزیکبوونەوە لە ڕێککەوتنی کۆتایی
ئەمڕۆ شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند، لایەنەکان لە هەموو کاتێک زیاتر لە ڕێککەوتنی ئاشتی نزیکبوونەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا هەموو کارەکان کۆتاییان بێت و ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئامادەکاری بۆ واژۆکردنی ئەلیکترۆنی
سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕوونی کردەوە، وڵاتەکەی سەرجەم ئامادەکارییەکانی کردووە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی کارەکان، ڕێککەوتنی ئاشتی بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی واژۆ بکرێت. هەروەها بڕیار وایە لە هەفتەی داهاتووەوە، گفتوگۆکان لەسەر ئاستی تەکنیکی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەست پێ بکەنەوە.
پێزانین بۆ هەوڵە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان
لە پەیامەکەیدا، شەهباز شەریف سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد بۆ ئەو پابەندبوونەی لە کاتی دانوستانەکاندا نیشانیانداوە. هاوکات پێزانینی بۆ وڵاتانی ناوچەکە دەربڕی کە پاڵپشتیی پرۆسەکەیان کردووە و گەشبینیی خۆشی نیشاندا کە ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە بناغەیەکی بەهێز بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام.
3 کاتژمێر پێش ئێستا