پڕۆژەی بە باڵیۆزکردنی کولتوور تاوتوێ کرا

حەسەن فەلاح 4 کاتژمێر پێش ئێستا

بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، هاوتای نووسەر، ڕۆشنبیر و هونەرمەندانی شارەکە، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ گفتوگۆکردن و تاوتوێکردنی پڕۆژەی بە باڵیۆزکردنی کولتوور بەڕێوەچوو.

لەبارەی پێگەی سلێمانی بوو وەکو پایتەختی کولتوور

لە نوێترین چالاکی پڕۆژەی بە باڵیۆزکردنی کولتوور و کتێب، لە دامەزراوەی ڤیژن، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەبارەی بەهێزکردنی پێگەی سلێمانی وەکو پایتەختی کولتووری کوردستان بەڕێوەچوو.

سیمینارێک پێشکەش کرا

گفتوگۆکە، لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاوی کراوەی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی بوو، تیایدا، د. موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، سیمینارێکی بە ناونیشانی "بە باڵیۆزکردنی کولتوور، بە باڵیۆزکردنی سلێمانی" پێشکەش کرد.

لە چوارچێوەی سیمینارەکەدا، د. موحسین ئەدیب، ئەوەی خستە ڕوو، کە لە داهاتوودا، سلێمانی دەتوانێت ببێت بە ناسنامەی کولتووریی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی گرنگی هەبێت لە بەرەوپێشبردنی.

چوار ساڵە کاری لەسەر دەکرێت

پڕۆژەی بە باڵیۆزکردنی کولتوور و کتێب، پڕۆژەیەکی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانییە، ماوەی چوار ساڵە چەندین چالاکی، کۆبوونەوە و سیمیناری تایبەت بەم تەوەرەی سازکردووە و ئامانجی سەرەکی لێی بە باڵیۆزکردنی کولتوور و ڕۆشنبیری و خوێندنەوەیە.

حەسەن فەلاح

4 کاتژمێر پێش ئێستا