ئێران گەیشتن بە ئەتۆمەکەی مینکراو کردووە و تونێلەکانی تەقاندووەتەوە
ڕاپۆرتێکی نوێی میدیایی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، تاران لە ڕێگەی تەقاندنەوەی تونێلەکان و مینڕێژکردنی ناوچە هەستیارەکانەوە، گەیشتن بە یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەنانەت بۆ خۆشی قورس کردووە؛ ئەمەش ئاسۆی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکان ئاڵۆزتر دەکات.
تەقاندنەوەی تونێلەکان و مینڕێژکردنی شوێنە ئەتۆمییەکان
کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئێران ڕێگەکانی گەیشتن بە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی قورستر کردووە. بەپێی زانیارییەکانی 5 سەرچاوەی هەواڵگریی ئەمریکی، ئێران تونێل و پردەکانی گەیشتن بە یۆرانیۆمەکەی تەقاندووەتەوە و مینی لە نزیک ئەو شوێنانە چاندووە تاوەکو هیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت لەو ناوچە هەستیارانە نزیک بێتەوە.
ئاڵۆزبوونی چارەنووسی نیو تۆن یۆرانیۆم
بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان، لە ئێستادا گەیشتن بە بڕی 500 کیلۆگرام (نیو تۆن) لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران زۆر زەحمەت بووە. بەراورد بە مانگێک لەمەوبەر، پرۆسەی دەستگەیشتن بەو ماددانە مەترسیدارتر بووە و کاتێکی زۆر زیاتری دەوێت. ئەم گۆڕانکارییە نوێیە لێکتێگەیشتنەکانی نێوان واشنتن و تاران ئاڵۆز دەکات، چونکە دۆناڵد ترەمپ هەمیشە جەختی کردووەتەوە کە بەدەستهێنانی یۆرانیۆمەکە کاری لەپێشینەی ئەمریکایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەرووی هورمز.
ئاستەنگە تەکنیکییەکان و مەترسییەکانی گواستنەوە
سەرچاوە ئێرانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئێستادا تەنانەت بۆ خودی ئێرانییەکانیش گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە بووەتە کارێکی زۆر سەخت. دەرهێنان و گواستنەوەی ئەو ماددانە پێویستی بە کاری ئەندازیاریی چڕ و ئامێری هەڵکەندنی زۆر پێشکەوتوو هەیە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پێیوایە بەشێکی زۆری ئەو ماددە ئەتۆمییانە لەناو تونێلە ڕووخاوەکانی پارێزگای ئیسفەهاندا پەکخراون.
ئەگەری مانەوەی ئەتۆمی ئێران لەژێر زەوی بە هەمیشەیی
سکۆت ڕۆیکەر، بەرپرسی پێشووی ئیدارەی نیشتمانیی ئاسایشی ئەتۆمی ئەمریکا (2017 - 2021) ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئەم ڕاپۆرتانە ڕاست بن، پرۆسەی پابەندبوونی ئێران بە ڕێککەوتنەکان زۆر ئاڵۆز دەبێت. بە گوتەی ڕۆیکەر، ئەگەر لە داهاتوودا داوا لە ئێران بکرێت هەموو ئەتۆمەکەی ڕادەست بکات یان لەناوی بەرێت، ڕەنگە بەهۆی ئەم تەقاندنەوە و ڕووخانانەوە، بەشێکی زۆری ئەو یۆرانیۆمە هەرگیز نەتوانرێت لەژێر زەوی بهێنرێتە دەرەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا