پارێزگاى حەسەکە بە سەبەتەى خۆراکى هەموو سووریا دادەنرێت

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دەڕاسەیەک لە یەکێک لە کێڵگەکانی گەنمی حەسەکە دروێنە دەکات
دەڕاسەیەک لە یەکێک لە کێڵگەکانی گەنمی حەسەکە دروێنە دەکات

پارێزگای حەسەکە، بە دەوڵەمەندترین ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان پۆڵێن دەکرێت و بەوە ناسراوە کە سەبەتەى خۆراکى هەموو سووریایە، ساڵى ڕابردوو لەکۆى بەرهەمى 900 هەزار تۆن گەنمى سووریا 280 هەزار تۆن گەنم لە حەسەکە هەبووە.

پاشەکشەی بەرهەمی گەنم لە  حەسەکە

بەرهەمی گەنم لە پارێزگای حەسەکە لە ساڵی 2023دا 677 هەزار تۆن بووە لەسەر ڕووبەری یەک ملیۆن هێکتار زەوی، بەڵام لە ساڵی 2025دا ئەم بەرهەمە بۆ 280 هەزار تۆن پاشەکشەی کردووە.

زەوی داچێنراوی ئەمساڵ بە گەنم

بۆ ئەمساڵ نزیکەى 750 هەزار هێکتار زەوى بە گەنم داچێندراوەو پێشبینى دەکرێت زیاتر لە 500 هەزار تۆن گەنمى بەرهەمى ئەمساڵ بێت، واتە دوو هێندەى ساڵى ڕابردوو.

ئاستی پێداویستی ناوخۆیی حەسەکە لە گەنم

پێداویستى ناوخۆى پارێزگاى حەسەکە ساڵانە 350 هەزارتۆن گەنمەو ئەوى دیکەى بۆ پارێزگاکانى سووریا دابین دەکرێت، کە ساڵى ڕابردوو بەهۆى وشکەساڵى و کەمى بارانبارین، لەتەواوى خاکى سووریا تەنیا 900 هەزار تۆن بەرهەمى گەنم هەبوو، کە پارێزگاى حەسەکە زیاتر لە یەک لەسەرچوارى بەرهەمى گەنمى سووریاى پێکهێنابوو، کە بەهۆى بەرهەمى کەمى گەنمەوە حکومەتى عێراق گەنمى بۆ سووریا هەناردە کرد.

کۆی گشتی مۆڵەتپیدراو بۆ وەرزی کشتوکاڵی ئەمساڵ

ڕووبەرە ئاودێرکراوە مۆڵەتپێدراوەکان بۆ وەرزی کشتوکاڵیی 2025 بۆ 2026 کۆی گشتی ڕووبەری مۆڵەتپێدراو دەگاتە زیاتر دوو ملیۆن و 177 هەزارو 400 دۆنم زەوى، بەشێوەیەک بۆ گەنم ڕووبەرى یەک ملیۆن و 306 هەزارو 440 دۆنم زەوى بە گەنم داچێندراوە.

بەرنامەیەکی ئەلکترۆنی بۆ ڕێکخستنی وەرزی کشتوکاڵی

هاوکات، ئەندازیار ئەحمەد سلێمان، هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری و سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، دەستەکە بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی نوێی بۆ ڕێکخستنی وەرزی کشتوکاڵیی 2025 بۆ 2026  کارا کردووە. ئەم بەرنامەیە ئامانجی بەستنەوەی سەرجەم یەکەکانی ڕێنمایی کشتوکاڵی، ئاسانکاری بۆ کاری جووتیاران و سەرژمێرکردنی زەوییە ئاودێر و دێمییەکانە.

سلێمان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا پلانێکی کشتوکاڵی بۆ وەرزی ئەمساڵ لەژێر داڕشتندایە، لەم پلانەدا، 60٪ـى کۆی گشتی ڕووبەری زەوییە ئاودێر و دێمییەکان بۆ چاندنی گەنم لە زەوییە دێمییەکاندا تەرخانکراوە.

ژمارەی ناوەند و سایلۆکانی وەرگرتنی گەنم

لە پارێزگاى حەسەکە 21 ناوەند و سایلۆ بۆ وەرگرتنى گەنمى جووتیاران دیارى کراوەو دروێنەکردنى گەنم دەستى پێکردووەو لەداهاتوویەکى نزیکدا دەست بەوەرگرتنى گەنم دەکرێت و جوتیاران دەبێت بە سیستمى ئەلیکترۆنى خۆیان تۆماربکەن و سەرە بگرن بۆ ڕادەستکردنى بەرهەمى گەنمەکانیان.

بەڵام ئەمەش بێ کەم و کورى و کێشەنییە. کە جوتیاران ناتوانن خۆیان تۆماربکەن و بەشێکیشیان وادەیەک دیاریکراوە بۆ ڕادەستکردنى بەرهەمەکانیان بەڵام خودى جوتیارەکە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە بەرهەمەکەى بدورێتەوە بۆیە ئەمە و چەند کێشەیەکى دیکە کە هاوکارم ئەڤین باسی دەکات و بۆتان دەخاتەڕوو.

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا