لە تورکیا زیاتر لە 200 کەس بە تۆمەتی گرەوی نایاسایی دەستگیر کران؛ قەبارەی گروەکانیان نزیکەی ملیارێک دۆلار بووە

محەمەد عەلی 4 کاتژمێر پێش ئێستا
ساتی دەستگیرکردنی یەکێک لە قومارچییەکان لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە
ساتی دەستگیرکردنی یەکێک لە قومارچییەکان لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە

لە دوو ئۆپراسیۆنی جیاواز و بەرفراواندا لە تورکیا، هێزە ئەمنییەکان توانییان زیاتر لە 200 کەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی گرەوی نایاسایی (قومار) دەستگیر بکەن، کە قەبارەی مامەڵە داراییەکانیان لە ماوەی ڕابردوودا گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیار دۆلار، تەنیا لە ئەنقەرەش 44 کەسیان ڕەوانەی زیندان کران.

دەستگیرکردنی تۆمەتباران

لە دوو ئۆپراسیۆندا بۆ سەر ئەو کەسانەی لە تورکیا گرەوی نایاسایی (قومار) دەکەن زیاتر لە 200 کەس دەستگیر کران، ئەمڕۆش لە ئەنقەرە دادوەر فەرمانی بەندکردنی بۆ 44 لەو دەستگیرکراوانە دەرکرد.

ئۆپراسیۆن لە 32 پارێزگا

ئۆپراسیۆنەکە 32 پارێزگای تورکیای گرتەوە و چەقەکەشی پارێزگای گیرەسون بوو، تێیدا 116 تۆمەتباری گرەوی نایاسایی دەستگیر کران.

مامەڵەی ملیۆن دۆلاری

بەگوێرەی زانیارییەکان، لەنێو دەستگیرکراوەکاندا بەرپرسانی دوو ماڵپەڕی گرەوی نایاسایی هەن و قەبارەی مامەڵەکانیان لە 10 ساڵی ڕابردوودا 40 ملیار لیرە، واتە نزیکەی 865 ملیۆن دۆلار بووە.

ڕێکارە یاساییەکان لە ئەنقەرە

لە ئەنقەرەش 86 تۆمەتبار دەستگیر کران و پاش ئەوەی تۆمەتبارەکان ڕووبەڕووی دادگا کرانەوە، ئەمڕۆ فەرمانی بەندکردن بۆ 44 کەسیان لەلایەن دادوەرەوە دەرکرا.

قەبارەی مامەڵەکان لە پایتەخت

بەگوێرەی زانیارییەکان، قەبارەی مامەڵەی تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 115 ملیۆن دۆلار بووە.

کۆی گشتیی پارە گوازراوەکان

بەو شێوەیەش کۆی گشتیی قەبارەی مامەڵەی تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان لە ئەنجامی هەردوو ئۆپراسیۆنەکەدا، 980 ملیۆن دۆلارە.

محەمەد عەلی

4 کاتژمێر پێش ئێستا