لە ماوەی 11 ڕۆژدا زیاتر لە 177 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی کەرکووک وەرگیراوە
پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی کەرکووک بەردەوامیی هەیە و لە ماوەی 11 ڕۆژی سەرەتای مانگی حوزەیراندا زیاتر لە 177 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە؛ هاوکات لەگەڵ پێشبینییەکان بۆ گەیشتنی بەرهەمی ئەمساڵ بە نیو ملیۆن تۆن، بڕی 70 ملیار دینار لە شایستە داراییەکانی ساڵی ڕابردووی جووتیاران دابەش دەکرێت.
ڕێژەی وەرگرتنی ڕۆژانەی گەنم
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کەناڵ8 لە سایلۆی کەرکووک دەستی کەوتووە، لە 1 تاوەکو 11ی حوزەیران ڕێژەی وەرگرتنی گەنم لە کەرکووک گەیشتووەتە 177 هەزار تۆن و ڕۆژانە بەگشتی 18 هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت و ڕادەستی سایلۆکان دەکرێت.
بەرهەمی پێشبینیکراو و ماوەی وەرگرتن
پێشبینی دەکرێت، بەرهەمی گەنمی کەرکووک لەمساڵدا بگاتە زیاتر لە 500 هەزار تۆن و ماوەی نزیکەی 50 ڕۆژ دیاریکراوە بۆ وەرگرتنی گەنم لە سایلۆ و ناوەندەکان.
نرخی گەنمی دەرەوەی پلان و ڕێکارەکان
بەرهەمی ئەو گەنمەی لە دەرەوەی پلانە، بۆ هەر تۆنێک بڕی 500 هەزار دینار دیاریکراوە و چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە، بکرێنە ناو تۆمارکردنی ئەلیکترۆنییەوە و فەندرانی کشتوکاڵی پارێزگاکەش نووسراوی کردووە بۆ بەغداد، تاوەکو ڕێکار و ڕێنماییەکانی مامەڵەکردنی لەگەڵ بەرهەمی زەوییە بێ پلانەکان ڕوون ببێتەوە.
بەراوردی بەرهەم و نرخی گەنم لەگەڵ ساڵی ڕابردوو
لە 2025ـدا لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بەرهەمی گەنم زیاتر لە 500 هەزار تۆن بوو، بۆ گەنمی پلە یەک حکومەتی عێراق بڕی 850 هەزار دیناری دیاریکرد، بەڵام لەمساڵدا نرخەکەی بۆ 700 هەزار دینار کەمکراوەتەوە.
دابەشکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، بڕی 70 ملیار دینار لە شایستە داراییەکانی ساڵی ڕابردووی جووتیاران، بۆ کەرکووک تەرخانکراوە و لە سبەیەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، بۆ هەر چوار ناوەندەکەی وەرگرتنی گەنم کە بریتین لە ناوەندەکانی حەویجە، ڕیاز، تازە و سایلۆی کەرکووک. هەر جووتیارێکیش بۆ ئەم مەبەستە ڕوو دەکاتە سایلۆی کەرکووک و لەوێ چەکی بانکی بۆ دەکرێت و پاشان لە بانکەکان شایستە داراییەکانی وەردەگرێت.
ئەو شایستە داراییانەی هێشتا نەدراون
کەناڵ8 زانیاریی لە سایلۆی کەرکووک دەستکەوتووە، تاوەکو ئێستا بڕی 120 ملیار دیناری دیکە، لە شایستە داراییەکانی ساڵی ڕابردووی جووتیارانی کەرکووک نەدراوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا