لە سویسرا ڕیفراندۆم بۆ سنووردارکردنی ژمارەی دانیشتووان دەکرێت
ڕۆژی یەکشەممە هاووڵاتییانی سویسرا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ بڕیاردان لەسەر پێشنیازێکی کەمپەینی پارتە ڕاستڕەوەکان، کە ئامانج لێی سنووردارکردنی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەیە بۆ کەمتر لە 10 ملیۆن کەس، ئەمەش وەک هەنگاوێک کە لەسەر ئاستی ئەورووپادا هاوشێوەی نەبووە.
پرسیاری سەرەکیی ڕیفراندۆمەکە
بەمەبەستی سنووردارکردنی دانیشتووانەکەی، ڕۆژی یەکشەممە ڕیفراندۆم لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەدەچێت و لە ڕیفراندۆمەکەدا پرسیارێکی سادە لە هاووڵاتییان دەکرێت، ئەویش ئەوەیە: ئایا ژمارەی دانیشتووانی سویسرا لە 10 ملیۆن کەسدا سنووردار بکرێت؟ ئەگەر زۆرینە بە بەڵێ دەنگ بدەن، ئەوا سویسرا دەبێتە یەکەم وڵاتی ئەورووپا کە ژمارەی دانیشتووانی سنووردار بکات.
ڕێژەی ئێستای دانیشتووان و پەنابەران
بەگوێرەی ئاماری حوکمیی وڵاتەکە، ژمارەی ئێستای دانیشتووان کەمێک لە 9 ملیۆن زیاترە و زیاتر لە چارەکێکی ئەم ژمارەیەش پەنابەرن. پێشنیازی سنووردارکردنەکە لەلایەن پارتی گەلی سویسراوە، کە گەورەترین پارتی سیاسیی وڵاتەکەیە، کراوە.
هۆکاری پێشنیازکردنی ڕیفراندۆمەکە
پارتەکە لە کەمپەینی ڕیفراندۆمەکەدا بانگەشەی ئەوە دەکات "کۆچی کۆنتڕۆڵنەکراو وایکردووە سویسرا زۆر بەخێرایی گەشە بکات" و "دەرئەنجامە نەرێنییەکانی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەبینرێن"، دەشڵێت "زۆرێک لە سویسرییەکان هەست دەکەن وەکو نامۆ لە وڵاتی خۆیاندا دەژین".
هۆشداری لەسەر ڕیفراندۆمەکە
لەلایەکی دیکەوە، سەرکردەکانی بواری بازرگانی هۆشداری دەدەن کە پێشنیازەکە بۆ سنووردارکردنی ژمارەی دانیشتووان دەکرێت زیان بە ئابووریی وڵاتەکە بگەیەنێت و وا دەکات کۆمپانیاکان لە پڕکردنەوەی پۆستەکاندا تووشی کێشە ببن.
گەشەی دانیشتووان لە سەدەی ڕابردوودا
بەگوێرەی داتاکانی حوکمەتی سویسرا، ژمارەی دانیشتووانی سویسرا لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا سێ هێندە بووە، لە ساڵی 2024ـدا، ژمارەی دانیشتووان گەیشتە 9 ملیۆن کەس، کە لەسەدا 27ـی ئەو ژمارەیە پاسپۆرتی سویسریان نییە.
دەرئەنجامەکانی سەرکوتنی دەنگی بەڵێ
ئەگەر زۆرینە بە بەڵێ دەنگ بدەن، ئەوا کاتێک ژمارەی دانیشتووان دەگاتە نۆ ملیۆن و نیو کەس، دەبێت حوکمەت چیدیکە پەنابەری نوێ وەرنەگرێت، و کاتێک دەگاتە 10 ملیۆن، حوکمەت ناچار دەبێت ڕێککەوتنی جووڵەی ئازاد لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا کۆتایی پێ بهێنێت، کە ڕێگە بە هاووڵاتییانی یەکێتیی ئەورووپا دەدات ئازادانە لە سویسرا بژین، کار بکەن و بخوێنن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا