یادگار جەبار بۆ کەناڵ8: لیستى مووچەى مانگى حوزەیران ئامادەیە
سەرپەشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی ڕایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی 6ی سەرجەم ناوچەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە سیستمی پەیڕۆڵ ئامادە کراوە و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کراوە. بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8یش، بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لیستەکە لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 5 ڕەوانەی بەغدا بکرێت.
بە سیستمی پەیڕۆڵ ئامادە کراوە
سەرپەشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند، لیستی مووچەی مانگی 6 بۆ سەرجەم ناوچەکان بە سیستمی پەیڕۆڵ ئامادە کراوە و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کراوە. بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8 لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لیستەکە لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 5 ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.
لیستی مووچەخۆرانی کام شوێنانە ئامادە کراوە؟
یادگار جەبار، سەرپەشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی ڕایگەیاند، سیستمی پەیڕۆڵ هەفتەی ڕابردوو کارا کرا و لیستی مووچەی مانگی حوزەیران تەواو کراوە، کە تایبەت بە مووچەخۆرانی سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان ئامادە کراوە.
پەسندکردنی لیستەکان لە گەنجینەکان
ڕاشیگەیاند، لیستی مووچەی مانگی حوزەیران لەلایەن گەنجینەکانی سلێمانی پەسند کراوە و بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان نێردراوە.
وردەکاریی گۆڕانکارییەکانی مانگانە
ڕوونی کردووەتەوە، مانگانە تەواوی گۆڕانکارییەکان لە دەرماڵە، لێبڕین و وردەکارییەکانی تری لیستەکە لە سەرەتای مانگەوە ئامادە دەکرێن، بە مەبەستی ڕێکخستنی وردی شایستە داراییەکان.
مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و شەهیدان
سەبارەت بە هەندێک لە چین و توێژەکان، یادگار جەبار ئاماژەی بەوە کرد، کە لیستی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت و کەسوکاری شەهیدان بە پێناسی دیجیتاڵی ئامادە دەکەن و سەرجەم ئەم مووچەخۆرانە خاوەنی UPNن.
وردبینی لە وەزارەتی دارایی
هاوکات بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، کە لە بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کەوتووە، "لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا پاش وردبینیی وەزارەتی دارایی، لیستی مووچە لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 5 ڕەوانەی بەغدا دەکرێت. لە ڕۆژی یەکشەممە پاش دەستپێکردنەوەی دەوام، وردبینی بۆ هەموو ئەو لیستانە دەکرێت کە تەواو کراون و ئەوانەشی تەواو نەکراون، پێویستە تاوەکو دووشەممەی ئەم هەفتەیە بگاتە وەزارەتی دارایی".
دابینکردنی مووچە لە داهاتی نانەوتی
ڕاشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەپێشینەی بۆ دابینکردنی مووچەیە؛ ئەو تەمویلەی لە بەغداوە ڕەوانە دەکرێت لەگەڵ داهاتی نانەوتی، بۆ ئەوەیە تاوەکو مووچەی مانگانە لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت.
کەمبوونەوەی ڕێژەی داهات
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە، لەم دۆخەدا بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی نانەوتی کە زیاتر لە 60% کەم بووەتەوە، لە توانایدا نییە مانگانە 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی ڕەوانە بکات؛ ئەوەش لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەدا ڕوونە و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق وردبینیی بۆ دەکەن و ڕاپۆرت دەدەنە وەزارەتی دارایی عێراق.
بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران
ئەوەشی خستە ڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری ڕێکخستنەوەی کۆکردنەوەی داهات و کەمکردنەوەی بەشێک لە خەرجییەکانی داوە. گوتیشی: "بڕیارە لەگەڵ بەغدا لەبارەی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی حوزەیران و مانگەکانی دیکە گفتوگۆ بکرێت و چوونی شاندی دارایی لەو بارەیەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت".
مەترسیی کورتهێنانی دارایی
ئەوەشی دووپات کردەوە، ئەگەر بەغدا مانگانە 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی فیدراڵی لە تەمویلی مووچەی مانگانە ببڕێت، بۆ مانگی حوزەیران و مانگەکانی دیکە تووشی کورتهێنانی دارایی دەبنەوە.
دۆخی بانکی و دابینکردنی پێداویستییەکان
هاوکات، بەرپرسێکی دیکەی بانکی ناوەندیی لقی سلێمانی کە نەیویست ناوی بهێنرێت، ئەوەی ڕوون کردەوە، دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان باش نییە و داهاتی نانەوتی زۆر کەم بووەتەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر پێداویستییە ڕۆژانەییەکانی حکومەت و دامەزراوەکان و دابینکردنی مووچەی ئەو کەسانەش هەیە کە لە داهاتی نانەوتییەوە تەمویلی مووچەکانیان بۆ دابین دەکرێت. گوتیشی: "بزانین یەک ملیۆن دینار داهات کۆبووەتەوە، بۆ مووچە نەدراوەکان دابینی دەکەین، ئەوە کاری لەپێشینەمانە".
2 کاتژمێر پێش ئێستا