بەقائی: لە 24 کاتژمێری داهاتوودا ڕێککەوتنەکە واژۆ ناکرێت

ئارام یوسف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای دەکات کە لێکتێگەیشتنی چاوەڕوانکراوی نێوان تاران و واشنتن تەنیا تایبەتە بە ڕاگرتنی جەنگ لەم قۆناغەدا و دۆسیەی ئەتۆمی ناگرێتەوە، هاوکات ڕایدەگەیەنێت کە واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکە لە 24 کاتژمێری داهاتوودا دوورە، بەڵام لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەگەری واژۆکردنی هەیە.

ناوەڕۆکی جەنگ و ڕێککەوتنەکە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای دەکات، ئەو لێکتێگەیشتنەی بڕیارە لەگەڵ ئەمریکا واژۆ بکرێت، تیشک دەخاتە سەر ڕاگرتنی جەنگ و ڕێککەوتنی کۆتایی نییە، هەروەها بە دووری دەزانێت سبەی واژۆ بکرێت.

دوورخستنەوەی دۆسیەی ئەتۆمی

ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەو لێکتێگەیشتنەی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، تیشک دەخاتە سەر کۆتاییهاتنی جەنگ لەم قۆناغەدا، بەبێ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران.

خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەردوو وڵات

دەشڵێت، ئەو لێکتێگەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی نییە لەگەڵ واشنتن، بەڵکوو تێیدا باس لە خاڵە ناکۆکەکان دەکرێت.

ڕاگرتنی جەنگ لە سەرجەم بەرەکاندا

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە، بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکە، جەنگ لە سەرجەم بەرەکان بە لوبنانیشەوە ڕادەگیرێت؛ بەهۆی ئەزموونەکانی ڕابردووەوە، لەم قۆناغەدا تەنیا لەسەر ڕاگرتنی جەنگ گفتوگۆ دەکرێت.

ئاڵۆزیی پێوەندییەکانی تاران و واشنتن

ئیسماعیل بەقائی ئاماژە بەوە دەکات، ئەو بابەتانەی لەنێوان ئێران و ئەمریکا هەن زۆر ئاڵۆزن و پێویستە بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

وادەی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکە

بەقائی سەبارەت بە وادەی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە دەڵێت، لە 24 کاتژمێری داهاتوودا واژۆ ناکرێت، بەڵام دوور نییە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێککەوتنەکە واژۆ بکەن.

ئارام یوسف

2 کاتژمێر پێش ئێستا