تەرمی کەسێک لە شوێنی ڕاهێنانی هەڵبژاردەی ئێران دۆزرایەوە

مەستان حوسامەدین 3 کاتژمێر پێش ئێستا

پۆلیسی مەکسیک تەرمى کەسێکی کوژراوى لەناو سندوقی ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لە شاری تیخوانای مەکسیک دۆزراوەتەوە، کە ڕاستەوخۆ بەرامبەر بە یاریگای کالینتێیە، ئەو یاریگایەی کە هەڵبژاردەی ئێران مەشق و ڕاهێنانی تێدا دەکات.

لە سندوقی ئۆتۆمبێلێکدا دۆزرایەوە

بە گوتەی پۆلیسی مەکسیک، تەرمەکە بە شێوێنراوی لە جانتایەکی ڕەشدا بووە و لە سندوقی ئۆتۆمبێلەکەدا دانراوە، کە تەنیا کەمتر لە 300 مەتر لەو شوێنەوە دوورە کە هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران مەشق و ڕاهێنانی تێدا ئەنجام دەدەن.

تاوەکو ئێستا ئەو تیمەی پۆلیسی مەکسیک، کە پارێزگاری لە هەڵبژاردەی ئێران دەکەن نەگەیشتوون بە هیچ ئەنجامێک و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە لە ڕووداوەکەدا.

داواکاری گشتیی شاری تیخوانا پشتڕاستیکردەوە کە تەرمەکە لەلایەن تیمێکی پۆلیسی گەڕۆکەوە لە سندوقی ئۆتۆمبێلێکدا دۆزراوەتەوە، کە نیشانەکانی توندوتیژیی پێوەدیاربووە و تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەش کالیفۆرنیای ئەمریکا بووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لە ژێر دۆخێکی ئەمنیی تونددا بەشداریی مۆندیالی ئەمساڵ دەکات، تەنانەت ئەمریکا ڕێگەیان پێنادات لە وڵاتەکەیان بمێننەوە، لە بەر ئەوە لە مەکسیک دەمێننەوە، تەنیا بۆ ئەنجامدانی یارییەکان دەچن بۆ ئەمریکا و دواتر بۆ مانەوە دەگەڕێنەوە بۆ مەکسیک.

لە مەکسیکیش هەڵبژاردەکە بە تیمێکی پاسەوانی سەربازی و نیشتمانیی تایبەت چاودێری دەکرێن، کە پێکدێن لە نزیکەی 300 پاسەوانی نیشتمانی و دەیان سەربازی دیکەش جێگیرکراون بۆ پاراستنیان و پێکهێنانی ئەڵقەیەکی پارێزگاری لە دەوریان.

مەستان حوسامەدین

3 کاتژمێر پێش ئێستا