یانەی دهۆک گرێبەستی لەگەڵ ڕاهێنەری نوێ واژۆکرد
یانەی دهۆک بە فەرمی گرێبەست لەگەڵ ڕاهێنەری ئێرانی یەحیا گوڵمحەمەدی واژۆ دەکات.
لە هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژیدا بۆ بەهێزکردنی ڕیزەکانی لە پاڵەوانێتییەکانی داهاتوودا کارگێڕیی یانەی دهۆک بە فەرمی گرێبەستی لەگەڵ ڕاهێنەری ناوداری ئێرانی یەحیا گوڵمحەمەدی واژۆ کرد تاکو ئەرکی سەرپەرشتی کردنی پڕۆژە وەرزشییەکەی یانەکە لە قۆناغی داهاتوودا بگرێتە ئەستۆ.
بەپێی بەدواداچوونی کەناڵ8 واژۆکردنی ئەم گرێبەستە دوای کێبڕکێیەکی توند و پێشکەشکردنی چەندین ئۆفەری سەرنجڕاکێش لەلایەن چەند یانەیەکی ترەوە هاتووە بەڵام لە کۆتاییدا کارگێڕیی یانەی دهۆک توانییان ئەو ڕاهێنەرە کیشوەرییە ناودارە بهێننە شاری چیاکان.
کارگێڕیی یانەکە ڕایانگەیاندووە کە ئەم هەنگاوە تەنها واژۆکردنی پارچە کاغەزێک نییە بەڵکو ئاماژەیەکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ قەبارەی هیوا و ئامانجە گەورەکانی یانەکە بۆ کێبڕکێکردن لە خولە ناوخۆیی و هەرێمییەکان و بەدەستهێنانی نازناوەکان.
یەحیا گوڵمحەمەدی، کە بە نازناوی ئیمپراتۆر ناسراوە، یەکێکە لە دیارترین و سەرکەوتووترین ڕاهێنەرەکان لەسەر ئاستی کیشوەری ئاسیا و خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە بواری تۆپی پێدا چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئاستی هونەریی یانەی دهۆکدا دروست بکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا