هێرشی کارمەندێکی پۆلیس بۆسەر هاوڵاتییەک لە کەرکووک کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە
ڕووداوێکی وێنەگرتن و پەلاماردانی هاووڵاتییەک لە بەنزینخانەیەکی کەرکووک، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. پۆلیسی وزە دەڵێت، کارمەندەکەیان تاوانی نییە و هاووڵاتییەکە ڤیدیۆی وێستگەکەی کردووە، وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش کارمەندەکەی پۆلیس دەستبەسەر دەکات و لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکدەهێنێت.
گێڕانەوەی هاووڵاتییەکە بۆ ڕووداوەکە
ئەمڕۆ شەممە، هاووڵاتییەک دەچێتە بەنزینخانەی شۆریجەی کەرکووک، بە گوتەی خۆی دەڵێت دوای 1 کاتژمێر وەستان، بەنزینی پێ نادەن و دواتریش کارمەندێکی پۆلیس لە کاتی تۆمارکردنی گرتەیەکی ڤیدیۆییدا پەلاماری دەدات.
وڵامی پۆلیسی وزە
موقەدەم ئارام عەبدوڵا، گوتەبێژی لیوای 1ـی پۆلیسی وزە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئەو کەسەی چووەتە بەنزینخانەی شۆریجە، داوای کردووە لە دەرەوەی ڕێکارەکان بەنزینی پێ بدرێت، بەڵام کارمەندی بەنزینخانەکە ئامادە نەبووە داواکارییەکەی جێبەجێ بکات. گوتەبێژی لیوای 1ـی پۆلیسی وزە دەشڵێت، ئەو هاووڵاتییە کارمەندی بەنزینخانەکەی بێزار کردووە، بەو هۆیەوە بانگی کارمەندەکەی پۆلیسی کردووە و ئەو ڕووداوەی لێ کەوتووەتەوە.
تۆمەتبارکردنی هاووڵاتییەکە بە نانەوەی پشێوی
موقەدەم ئارام عەبدوڵا جەخت لەوە دەکاتەوە، کارمەندەکەی پۆلیس تاوانی نییە، تەنیا هەوڵی داوە مۆبایلی هاووڵاتییەکە وەربگرێت و سکاڵایان لە دژی هاووڵاتییەکە تۆمار کردووە و لە بنکەی پۆلیسی عرووبە ڕاگیراوە، چونکە ڤیدیۆی دامەزراوەیەکی حکوومیی تۆمار کردووە و هەوڵی داوە پشێوی بنێتەوە لە شاری کەرکووک.
کاردانەوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق
لەلایەکی دیکەوە، میقداد میری، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی کردووە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت و کارمەندەکەی پۆلیسی وزەیان لە کەرکووک دەستبەسەر کردووە، بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر هاووڵاتییەک لە بەنزینخانەیەکی شارەکە. وەزارەتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەوەی کارمەندەکەی پۆلیس ئەنجامی داوە، هەڵسوکەوتێکی تاکەکەسییە و گوزارشت لە بنەمای پیشەییبوون ناکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا