چیرۆکی ئەو منداڵەی جەژنی لێ کرا بە ماتەم؛ باوکی یاد وردەکاریی ڕووداوەکە بۆ کەناڵ8 ئاشکرا دەکات
دوای چەندین ڕۆژ لە ونبوونی لە گوندی ئێندزەی بناری قەندیل، تەرمی یاد سەربازی تەمەن 3 ساڵان دۆزرایەوە. کەسوکارەکەی لە ڕێگەی کەناڵ8ـەوە ڕایدەگەیێنن کە گومانیان لە ڕووداوەکە هەیە و پێیان وایە کوڕەکەیان کوژراوە، هەربۆیە تا دەرچوونی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان پرسەی بۆ دانانێن.
جڵ و پیڵای جەژن
دوێنێ تەرمی یاد سەرباز، ئەو منداڵەی لە دووەم ڕۆژی جەژنی قورباندا لە گوندی ئێندزەی بناری قەندیل ون ببوو، دۆزرایەوە؛ هەروەها ئەو جل و پێڵاوەش دۆزرایەوە، کە باوکی بۆ جەژن بۆی کڕیبوو، ئەو جلوبەرگەی کە باوکی نەیتوانی لەبەری کوڕەکەیدا بیبینێت.
گومان لە ڕووداوەکە و پەناهێنان بۆ کەناڵ8
کەسوکارەکەی گومانیان لە ڕووداوەکە هەیە و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە کوڕەکەیان کوژراوە. باوکی یاد و ئامۆزایەکی بەتایبەت بۆ کەناڵ8 قسە دەکەن و ڕووداوەکە دەگێڕنەوە و دەڵێن: تەنیا کەناڵ8ـمان بە مینبەری ڕاستی زانی بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوەی بۆ بدەین.
تاقانەی خێزانەکەی دوای چوار کچ
یاد سەرباز تەمەنی 3 ساڵ و 9 مانگ بوو، لە دوای لەدایکبوونی 4 کچ و چاوەڕوانییەکی زۆر، دەبێتە یەکەم منداڵی کوڕی خانەوادەی سەرباز بالەک.
وەسفی باوک بۆ کوڕە تاقانەکەی
سەرباز بالەک لە وەسفی کوڕەکەیدا بە کەناڵ8ـی گوت: کوڕێکی زۆر فەقیر و خۆشەویست بوو لەلامان و زۆر دڵمان لەلای بوو. دەشڵێت: هەمیشە بە خەمباری دەمبینی، نازانم بۆ؟
دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنی و جەژنانە
لەگەڵ دۆزینەوەی تەرمەکەدا، ئەو جلوبەرگ و پێڵاوەش دۆزرایەوە کە باوکی بۆ جەژن بۆی کڕیبوو. ئەو دەڵێت، دەمویست لە جەژندا جلەکان لەبەری یادی کوڕمدا ببینم بەڵام نەمدیت، بەر لە دیارنەمانیشی بە تەلەفۆن جەژنەپیرۆزەی لە باوکی کرد و پێی گوت: باوکە کەی دێیتەوە جەژنانەم بدەیتێ؟ ئەوە دواجار بوو باوکی گوێی لە دەنگی کوڕەکەی بێت.
هاوسۆزیی خەڵکی کوردستان
ونبوونی یاد دەنگدانەوەیەکی زۆری لە هەرێمی کوردستان دروست کرد و خەڵکی کوردستان و ناوچەکەش هاوسۆزییەکی زۆریان بۆ ڕووداوەکە دەربڕی.
وردەکاریی کاتی ونبوون و هەڵمەتەکانی گەڕان
تێکۆشەر حسێن، ئامۆزای یاد، ڕووداوی ونبوونەکەی یاد لە دووەم ڕۆژی جەژنی قوربان بۆ کەناڵ8 دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لە 28ـی مانگی ئایار و لە دووەم ڕۆژی جەژنی قوربانەوە، لە کاتژمێر 3 و 31 خولەک ئەو ڕووداوە ڕوویدا و یاد ون بوو. دەشڵێت: هەر لەگەڵ یەکەم ساتی ونبوونیدا لەگەڵ گوندنشینانی گوندەکانی بناری قەندیل دەستمان کرد بە گەڕان و پشکنین و بە چەند بازنە و قۆناغێک گەڕاین.
بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لەکاتی گەڕان بە دوای یاددا
تێکۆشەر حسێن باسی ئەوە دەکات کە لە گەڕانەکانیاندا تەنانەت تەکنەلۆژیای نوێ و درۆنی حەرارییان بەکارهێناوە و چەندین جاریش چوونەتە ئەو ناوچەیەی کە تەرمەکەی تێدا دۆزراوەتەوە، بەڵام پێشتر هیچ سۆراخێکی نەبووە.
گومانەکان بەرەو کوژران دەچن
تێکۆشەر گومانی لە دۆزینەوەی تەرمەکەی یاد لەو جێگە دوورەدەستە هەیە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەستەمە منداڵێکی وەکو یاد بتوانێت بگاتە ئەو شوێنە، جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کوڕەکەیان کوژراوە. ئامۆزاکەی یاد ئاماژە بە دۆزینەوەی پارچەیەک خوێن دەکات و دەڵێت: ڕەنگە ئەوە سەرەداوێکی ڕاستەقینەمان بۆ دەربخات و دەتوانم بە بەرپرسیارێتییەوە بیڵێم کە ئەو منداڵە کوژراوە.
پەیامی کۆتایی خانەوادەکەی
تێکۆشەر حسێن دەشڵێت: تاوەکو ئەنجامی لێکۆڵینەوە بە تەواوەتی دەرنەچێت، پرسە بۆ کوڕەکەیان دانانێن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا