ترەمپ: بڕیارە سبەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران واژۆ بکەین
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا ڕایگەیاند، بڕیارە سبەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران واژۆ بکەن و گەرووی هوورمز بە تەواوی بکرێتەوە.
گەرووی هوورمز دەکرێتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا لە پۆستێک لە پلاتفۆرمى تروس سۆشیاڵ ئاماژەى بەوەکرد، لەگەڵ واژۆکردنى ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران گەرووى هوورمز بەڕووى هەموواندا دەکرێتەوە.
جیاوازە لە ڕێککەوتنەکەی سەردەمی باراک ئۆباما
سەرۆکى ئەمریکا جەخت دەکاتەوە ئەو ڕێککەوتنە نوێیەى کە لەگەڵ ئێران واژۆى دەکەن تەواو جیاوازە لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەى کە ئیدارەکەى باراک ئۆباما لەگەڵ ئێران ئەنجامیاندا.
"ئێران چیدیکە چەکی ئەتۆمی ناوێت"
دۆناڵد ترەمپ ڕاشیگەیاند، ڕێککەوتنە نوێکە دەبێتە بەربەستێکى گەورە بۆ ئێران لە بەدەستهێنانى چەکى ئەتۆم و دەشڵێت ، ئێران چیدیکە چەکى ئەتۆمى ناوێت و ناشتوانێت لە ڕێگەى کڕین یاخود پەرەپێدان یان هەر هۆکارێکى تر بەدەستى بهێنێت.
پارە بە ئێران نادرێت
دۆناڵد ترەمپ ڕەتیدەکاتەوە کە لە ڕێککەوتنەکەدا هیچ بڕگەیەک هەبێت سەبارەت بە پێدانى پارە بە ئێران و دەڵێت: بەگوێرەى ڕێککەوتنەکە هیچ بڕە پارەیەک نادرێت بە ئێران.
"یۆرانیۆمەکەی ئێران لە ناو دەبەین"
سەبارەت بە دۆسییەى ئەتۆمە پیتێندراوەکەى ئێرانیش، سەرۆکى ئەمریکا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لە کاتى گونجاو و دواى سەقامگیربوونى دۆخەکە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانى ماددە ئەتۆمیە بەجێماوەکەى ژێر دامەزراوەکانى ئێران دەدەن و دەشڵێت: پلەى پیتاندنیان کەم دەکرێتەوە و پاشان چ لەناو خودى ئێران یاخود لە ئەمریکا، لەناو دەبرێن.
هۆشداریی ترەمپ بە ئێران
سەرۆکى ئەمریکا هۆشدارى دەدات لە ئەگەرى ڕێکنەکەوتن لەگەڵ ئێران بژاردەى دیکەیان هەیە و هیوای خواست ناچار نەبن سەرلەنوێ بەکارى بهێننەوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا