سپایدەرمانەکەی یەمەن لە بەرزی 31 مەتر کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا
دوای ئەوەی لە کاتی نمایشکردنی تواناکانیدا لە ناو چاڵی گڕکانی دەمت پێی خلیسکا و کەوتە خوارەوە، عەنتەر عەبسی، ئەو شاخەوانە تەمەن 30 ساڵەی بە "سپایدەرمانەکەی یەمەن" دەناسرایەوە، گیانی لەدەست دا و دانیشتووانی پارێزگای زاڵعیش ماتەمینییان بۆ ڕاگەیاند.
ناو و تەمەنی سپایدەرمانەکەی یەمەن
ئەمڕۆ دانیشتووانی پارێزگای زاڵع لە یەمەن، ڕۆژێکی پڕ لە ئازاریان بەسەر برد، دوای ڕاگەیاندنی مردنی عەنتەر عەبسیی شاخەوانی تەمەن 30 ساڵ، کە بە سپایدەرمانەکەی یەمەن ناسرابوو، دوای ئەوەی لە کاتی نمایشکردنی تواناکانیدا لە ناو چاڵی گڕکانی دەمت کەوتە خوارەوە.
وردەکاریی ڕووداوەکە
عەنتەر ڕاهاتبوو لەوەی کە زۆر جار داببەزێتە ناو گڕکانە لێژەکەوە، بەڵام لە ڕۆژی هەینی، لە هەمان جێگەدا پێی خلیسکا و لە بەرزیی 31 مەترەوە کەوتە خوارەوە. شایەتحاڵێکیش ڕایگەیاندووە، کە عەنتەر لەسەر پشت و سەری کەوتووە و خوێن لە گوێچکە و دەموچاویەوە هاتووە.
دۆزینەوەی تەرمی شاخەوانەکە
دوای دوو ڕۆژ لە هەوڵی چڕوپڕ، تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە یارمەتیی تیمێکی مەلەوانی توانییان تەرمەکەی دەربهێنن.
توانا و ناوبانگی عەنتەر عەبسی
عەنتەر بە توانا نائاساییەکەی ناسرابوو لە سەرکەوتن بەسەر لێوارە بەردینە سەختەکاندا و خۆهەڵواسین بە بەردەکاندا بەبێ بەکارهێنانی هیچ ئامێرێکی شاخەوانی. سەرەڕای لێهاتووییەکانی، لە ناو خەڵکیشدا خۆشەویست بوو، چونکە تواناکانی بۆ ڕزگارکردنی ئەو مەڕانە بەکاردەهێنا کە لە ناو چاڵەکەدا گیریان دەخوارد، بەپێی میدیاکانی یەمەن ئەم سەرکێشییانە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتیشی بوون.
داواکاریی دانیشتووانی ناوچەکە
ئێستا دانیشتووانی شارەکە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن کە نمایشە مەترسیدارەکان لەو ناوچەیەدا قەدەغە بکەن بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوی هاوشێوە.
مەترسییەکانی گڕکانی دەمت
گڕکانی دەمت کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای زاڵع، دیارترین ناوچەی سروشتیی پارێزگاکەیە کە بە زەوییە بەردین و لێژەکانی ناسراوە، ئەمەش وای لێ دەکات شوێنێکی زۆر مەترسیدار بێت کە ڕێوشوێنی سەلامەتی و پاراستنی پێویستی لێ نییە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا