زانیاریی کەناڵ8: زەیدی مانگی داهاتوو بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی ئابووری و ئەمنی سەردانی واشنتن دەکات

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

بڕیارە لە نیوەی دووەمی مانگی داهاتوودا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی و بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومەت بگاتە واشنتن. لەم سەردانەدا، چەندین پرسی گرنگی وەک کەرتی ئەمنی، ئابووری، بازرگانی و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا تاوتوێ دەکرێن.

ئامانجی سەردانەکە و تەوەری گفتوگۆکان

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی پرسی ئەمنی و ئابووری لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ بکات.

کاتی سەردانەکە و شاندی یاوەر

عەبدولزەهرە هنداوی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند؛ عەلی زەیدی لە نیوەی دووەمی مانگی داهاتوودا، بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە ئەمریکا.

هنداوی ئاماژەی بەوەش کرد، زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومەت سەردانەکەی بۆ ئەمریکا ئەنجام دەدات.

دۆسیە سەرەکییەکانی سەر مێزی گفتوگۆ

کەناڵ8 زانیویەتی، لەو سەردانەدا زەیدی لەسەر پرسی ئابووری، ئەمنی، پرسی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و دروستکردنی سندووقێکی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای واشنتن گفتوگۆ دەکات.

گەشەپێدانی کەرتی ئابووری و بازرگانی

ڕۆژی 7ـی ئەم مانگە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد؛ بەمەبەستی فراوانکردنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی هاوبەش و دوولایەنە، سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات.

گوتیشی لەو سەردانەدا، ژمارەیەک لە بازرگانان و خاوەنکارانی عێراق لەگەڵ خۆی دەبات بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەشدار بن لە گفتوگۆکان و دروستکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا.

بانگێشتنامەکەی کۆشکی سپی

دوای ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکوومەت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" بڵاوی کردەوە؛ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی کردووە و بانگێشتی کۆشکی سپی کردووە.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا