سێ کەس لە بەنداوی گۆمەسپان و زێی بچووک خنکان؛ لە سێ ڕۆژدا 7 کەس خنکاون

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە بەنداوی گۆمەسپان لە نزیک هەولێر
دیمەنێک لە بەنداوی گۆمەسپان لە نزیک هەولێر

لە ماوەی 72 کاتژمێری ڕابردوودا، شەپۆلێکی نوێی خنکان ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی 7 کەس تۆمار کراوە، کە دوایینیان سێ حاڵەتی خنکان بووە لە بەنداوی گۆمەسپان و زێی بچووک.

دوو گەنج لە گۆمەسپان خنکان

پەیامنێری کەناڵ8 ڕایگەیاند، کاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، دوو گەنج لە کاتی مەلەکردندا لە بەنداوی گۆمەسپان خنکان.

تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە

بەگوێرەی گوتەی چەند شایەتحاڵێک، چوار کەس لە بەنداوەکەدا مەلەیان کردووە و دوو کەسیان خنکاون و تاوەکو ئێستا تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە.

خنکانی گەشتیارێک لە سنووری کۆیە

لە سنووری گوندی بۆگد لە شارۆچکەی کۆیەش، گەشتیارێکی عەرەب کەوتووەتە ناو زێی بچووک و خنکاوە.

دۆزینەوەی تەرم لە ڕاپەڕین و هەولێر

پێشتریش، عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند، دوێنێ تیمەکانیان تەرمی ئەو هاونیشتمانییەیان دۆزیوەتەوە کە لە زێی بچووک، لە نزیکی گوندی گەرمکان خنکابوو.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، تەرمی ئافرەتێکی تەمەن 28 ساڵیان لە گوندی وەردەک دۆزیوەتەوە کە لە کاتی مەلەکردندا خنکاوە.

خنکان لە گەرمیان و دهۆک

ڕۆژی چوارشەممە، لە گوندی ساڵح ئاغای سەر بە شارەدێی قۆرەتوو، تەرمی مێردمنداڵێک گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار؛ منداڵەکە لە کاتی مەلەکردن لە ئاوی باڵەجۆ خنکابوو.

هەمان ڕۆژ لە سنووری پارێزگای دهۆک، تەرمی مێردمنداڵێک لە بەنداوی خانکێ دۆزرایەوە.

بەردەوامیی گەڕان لە هەڵەبجە

هاوکات ماوەی 4 ڕۆژە، گەڕان بەدوای مێردمنداڵێکی بە ڕەچەڵەک عەرەب لە چەمی زەڵمی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەردەوامە، کە گومان دەکرێت کەوتبێتە ناو ئاوەکە و خنکابێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا