ئەمریکا و ئێران هەریەکەیان خۆیان بە براوەی دانوستانەکان دەزانن

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
ئاڵای ئەمریکا و ئێران لەسەر مێزی دانوستانەکان
ئاڵای ئەمریکا و ئێران لەسەر مێزی دانوستانەکان

دوای زنجیرەیەک دانوستانی دیپلۆماسی، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی 14 خاڵی لە نێوان ئەمریکا و ئێران بە شێوەی ئەلیکترۆنی واژۆ بکرێت؛ لە کاتێکدا هەردوو وڵات بانگەشەی سەرکەوتن دەکەن، وردەکاریی ڕێککەوتنەکە باس لە ئاگربەستێکی 60 ڕۆژە و کرانەوەی گەرووی هورمز دەکات.

کێبڕکێی بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان

ئەمریکا و ئێران هەردووکیان بانگەشەی ئەوە دەکەن لە دانوستانە دیپلۆماسییەکاندا سەرکەوتوو بوون؛ هەریەکەیان لای خۆیانەوە ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو یاداشتەی کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە واژۆ بکرێت، زۆرترین دەستکەوتی بۆ ئەوان تێدایە.

ڕۆڵی پاکستان لە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە

بەرپرسانی پاکستان ئاشکرایان کردووە، ڕۆژی یەکشەممە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوە دەچێت.

قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئەمریکا لە دوو قۆناغ پێکدێت؛ لە سەرەتادا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن کە لە 14 خاڵ پێکهاتووە، دواتر ئەگەر خاڵەکانی یاداشتەکە جێبەجێ کران، ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی دەکرێت.

زانیارییەکانی نیویۆرک تایمز

نیویۆرک تایمز لە دوو سەرچاوەی ئێرانی و سەرچاوەیەکی هەرێمایەتییەوە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام لایەنی ئەمریکی پشتڕاستی نەکردووەتەوە.

خاڵە سەرەکییەکانی لێکتێگەیشتنەکە

یەکەم؛ ئێران گەرووی هورمز دەکاتەوە و ئەمریکاش گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت.

دووەم؛ ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ درێژ دەکرێتەوە و هەموو بەرەکانی جەنگ دەگرێتەوە.

سێیەم؛ لە ماوەی ئەو 60 ڕۆژەدا دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکرێت.

چوارەم؛ لە ماوەی ئەو 60 ڕۆژەدا ئێران و وڵاتانی ناوچەکە گفتوگۆ دەکەن لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی گەرووی هوورمز.

پێنجەم؛ لە قۆناغەکانی داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران دەکرێت لەبەرامبەر سازشی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا